شاندێکی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی کاتیی سووریا بە سەرۆکایەتیی مەروان ئەلحەلەبی، وەزیری پەروەردە و بە یاوەریی نوردەدین ئەحمەد، پارێزگاری حەسەکە، سەردانی زانکۆی ڕۆژاڤایان کرد لە شاری قامیشلۆ.
شاندەکە لەلایەن نوێنەرانی زانکۆی ڕۆژاڤا، جیهان حەسەن، بەڕێوەبەری قامیشلۆ و بەرپرسی کۆمیتەی ئەنتەگراسیۆن (تێکەڵبوونەوە) پێشوازییان لێکرا.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی پارێزگای حەسەکە، لە کۆبوونەوەی نێوان هەردوولادا بە وردی تیشک خستراوەتە سەر دۆخی پەروەردە لە ڕۆژاڤا، ئاستەنگەکانی بەردەم پڕۆسەکە و هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو و پەرەپێدانی سێکتەرەکە.
لە بەشێکی تری دانوستانەکاندا، تەواوکردنی قۆناغەکانی تێکەڵکردنەوەی ئیدارەکان و گرتنەبەری ڕێکارە یاساییە پێویستەکان تەوەرێکی تری گفتوگۆکانی نێوان وەزیری پەروەردە و بەڕێوەبەرانی زانکۆی ڕۆژاڤا بوو.
دوابەدوای کۆبوونەوەکەش، وەزیری پەروەردە سەردانی فاکەڵتیی یاسای لە پارێزگای حەسەکە کرد و پێداویستی و داواکارییەکانی ئەو دامەزراوەیەی تاوتوێ کرد