هاوسەرۆکایەتیی کۆنسەی ڕێوەبەریی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) لە ١٤هەمین ساڵیادی شۆڕشی ١٩ی تەممووزدا بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، شۆڕشی ڕۆژاڤا کە لە کۆبانێوە دەستی پێکرد، بووەتە "واحەیەکی دیموکراسی" لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، و جەختیش دەکاتەوە کە سیستەمێکی مەرکەزیی دیکتاتۆری ناتوانێت ئاشتی لە سووریادا بەدیبهێنێت.
کەجەکە لەڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە لەم شۆڕشەدا زیاتر لە ١٠ هەزار شەڕڤانی کورد، عەرەب، سریانی، تورکیایی و ئینتەرناسیۆنالیست لە دژی چەکدارانی داعش و ڕژێمی پێشووی بەعس شەهید بوون.
لە دەقەکەدا هاتووە کە هێزە هەژموونگەرا نێودەوڵەتییەکان و ڕژێمە دەسەڵاتخوازەکانی ناوچەکە، ئەم سیستەمە دیموکراتیکەی ڕۆژاوا و باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریایان لە دژی بەرژەوەندییەکانی خۆیان بینیوە، بۆیە بە هەموو شێوازێک هەوڵی ڕێگریکردنیان داوە.
راگەیەندراوەکە تیشک دەخاتە سەر گۆڕانکارییەکانی ئێستای سووریا و ڕایدەگەیەنێت کە تاقیکردنەوەی شێوازە کۆنەکانی بەعس بە ناو و دەسەڵاتێکی نوێوە، ئارامی بۆ سووریا ناهێنێت؛ بۆیە پێویستە حکومەتی دیمەشق و هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان بزانن کە دانپێدانان بە ئیرادەی خۆسەریی گەلان و پێکهاتە جیاوازەکان (کورد، عەرەب، مەسیحی، دروز، عەلەوی و ئێزدی) سووریا بەهێزتر دەکات نەک لاواز.