ڕاستەوخۆ

ڕێوار ئاودانان: شەڕخواز نین بەڵام ئەگەر مەترسی بکەوێتە سەر گەلەکەمان وەڵاممان توند دەبێت

reset font size increase font size

ڕێوار ئاودانان، ئەندامێکی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)، لە جاوپیکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ کەناڵی "زاگرۆس ٢٤" ڕایگەیاند کە شەڕی نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران هێشتا بەردەوامە و ئامانجی هاوپەیمانان کۆنتڕۆڵکردنی تەواوی خاکی ئێران و لاوازکردنی پێگەی ستراتیژیی تارانە، بەتایبەت لە ڕێڕەوی گەروی هورمزدا.

ناوبراو لە شیکردنەوەی دۆخی ناوچەکەدا ئاماژەی بەوە کرد، ئەو ئاگرپەستان و دانوستانە کاتییانەی کە پێشتر هەبوون، تەنیا بەشێک بوون لە تاکتیکەکانی ئەم شەڕە هەمەلایەنەی دژی کۆماری ئیسلامی بەڕێوەدەچێت.

ڕاشیگەیاند کە چڕکردنەوەی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر سنوورە باشوورییەکانی ئێران بە مەبەستی دەرهێنانی کۆنتڕۆڵی گەروی هورمزە لە دەستی ئێران، ئەمەش هاوسەنگیی هێز لە بەرژەوەندیی پڕۆژەی وزە و بازرگانیی "پەیمانی ئیبراهیم" دەگۆڕێت و پێگەی تاران لە هەر دانوستانێکی داهاتوودا لاواز دەکات.

سەبارەت بە هەڵوێستی هێزە کوردییەکان و ڕەخنەی هاووڵاتییان لەسەر ئەوەی بۆچی لەم دۆخەدا بێدەنگن، وتەبێژی پژاک ڕەتیکردەوە کە ئەوان لە دۆخی چاوەڕوانیدا بن و گوتی: "خەباتی پژاک لە دڵی کوردستاندا بەردەوامە. ئێمە بڕیاری سیاسی و بەرگریی خۆمان بە تەواوی بە ئیرادەی سەربەخۆی خۆمان دەدەین و پاشکۆیەتیی هیچ هێز و دەوڵەتێکی دەرەکی قبووڵ ناکەین."

ئاودانان جەختی کردەوە کە ئامانجی سەرەکیی حزبەکەیان دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک و سەربەخۆیە کە پشت بە خۆی ببەستێت.

 ئاماژەی بەوەش کرد کە کێشەی کورد کێشەیەکی سیاسییە نەک سەربازی و ئەوان هەرگیز شەڕخواز نەبوون، بەڵام ئەگەر مەترسی ڕووبەڕووی گەلەکەیان ببێتەوە، بێ ڕاوێژ بە هیچ لایەنێک یەکسەر بەرگری دەکەن و وەڵامیان توند دەبێت. لە کۆتاییدا گوتی، هەر پڕۆژەیەک زیان بە کۆمەڵگەی کوردی و گەلانی ئێران بگەیەنێت بەشداریی تێدا ناکەن و تاکە گورزی کەمەرشکێن کە کۆتایی بە ڕژێم بهێنێت، تەنها لە لایەن خودی خەڵکەوە دەکرێت.

 

Rezhna Sardar

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.