ڕاوێژکاری وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، ڕێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر یەکخستنی ڕێکارە گومرگییەکان و جێبەجێکردنی سیستەمی "ئەسیکۆدا" ڕەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران کراوە بۆ بڕیاری کۆتایی و لێکتێگەیشتنی زۆر باشیش لە نێوان هەردوولادا هەیە.
د. سامی جەلال، ڕاوێژکاری وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کردستانی ڕاگەیاند، هەردوو حکوومەتی هەرێم و عێراق دوای ڕێککەوتنیان لەبارەی سیستەمی ئەسیکۆدا (سیستەمی ئەلیکترۆنیی گومرگی)، لە یەکتر نزیکن بۆ ئەوەی ڕێکارەکان لە سەرجەم دەروازەکان یەکبخەن.
ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەو خاڵانەی لەسەری ڕێککەوتوون، ڕەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران کراون بۆ پەسەندکردن و چاوەڕوانن سەرۆکوەزیران لە گەشتەکەی بگەڕێتەوە بۆ ئەوەی بڕیاری کۆتایی لێ بدرێت.
ڕاوێژکاری وەزارەتی ناوخۆ جەختیشی کردەوە کە لە دوای ئەم ڕێککەوتنە، ئێستا لێک تێگەیشتنی تەواو و هەمەئاهەنگییەکی باش لە نێوان هەولێر و بەغدادا هەیە بۆ ئەوەی سیستەمەکە بە خێرایی بخرێتە بواری جێبەجێکردن و کاری پێ بکرێت.