وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایدەگەیەنێت، بەغدا لەسەر بنەمای هەمەجۆکردنی ڕێڕەوەکانی هەناردەکردنی نەوت و پشتبەستن نەقردن بە تەنگی هورمز، خەریکی لێکۆڵینەوەیە لە پڕۆژەی کێشانی هێڵێکی ستراتیژیی گواستنەوەی نەوتە لە بەسرەوە بۆ تورکیا و سووریا.
باسم محەممەد خەزیر، بریکاری وەزیری نەوتی عێراق بۆ کاروباری دەرهێنان، ڕۆژی شەممە لە واشنتن بە ئاژانسی فەرمیی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاند، وەزارەتەکەیان خاوەنی دیدگا و ستراتیژێکی ڕوونە بۆ فرەچەشنکردنی دەروازەکانی هەناردەی نەوت.
ئاماژەی بەوەش کرد کە ئێستا لێکۆڵینەوە لە چۆنیەتی دروستکردنی بۆرییەکی ستراتیژی دەکرێت کە لە بەسرەوە درێژ دەبێتەوە بۆ کەرکووک و لەوێشەوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا.
بریکاری وەزیری نەوت ئاشکراشی کرد کە پڕۆژەکە لێکۆڵینەوە لە کێشانی لقێکی دیکەی ئەو هێڵە بۆ بەندەری بانیاسی سووریا لەسەر دەریای ناوەڕاست لەخۆدەگرێت، کە یەکێکە لە پاڵاوگە سەرەکییەکانی نەوت و وێستگەیەکی گرنگی هەناردەکردنە لە ناوچەکەدا.