مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) ڕایگەیاند، پرۆسەی تێکەڵکردنی هەموو دامەزراوە سەربازی، ئیداری و ئەمنییەکانی بەڕێوەبەریی خۆسەر لە ناو دامەزراوەکانی دەوڵەتی نوێی سوریادا بەتەواوی کۆتایی پێهاتووە و قۆناغێکی نوێ دەستی پێکردووە.
لەمیانی بەشدارییکردنی لە ئاهەنگی سەدەمیی دامەزراندنی شارۆچکەی قامیشلۆ لە ڕۆژئاوای کوردستان، مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتیی هەسەدە ئاشکرای کرد، بەپێی ڕێککەوتنێک کە لە سەرەتای ئەمساڵدا کرابوو، سەرجەم پێکهاتە سەربازییەکانی هەسەدە لەگەڵ دەزگا ئیداری و ئەمنییەکان لەناو دامەزراوە نیشتمانییەکانی دەوڵەتی سوریادا تێکەڵ کراون، بەبێ ئەوەی " تایبەتمەندی" خۆیان لەدەست بدەن.
عەبدی لە وتارەکەیدا گوتی: "پرۆسەی تێکەڵکردنی دامەزراوە سەربازی، خزمەتگوزاری و ئیدارییەکانمان لە ناو دامەزراوە نیشتمانییەکانی دەوڵەتدا بەتەواوی تەواو بوو، لەمڕۆ بەدواوە قۆناغێکی نوێ دەست پێدەکات." ڕوونیشی کردەوە کە لەو ناوچانەی پێشتر لەژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەریی خۆسەردا بوون، دامەزراوەی نوێ بە ناوی دەوڵەتی سوریاوە دادەمەزرێن و دامەزراوە کۆنەکانیش بەردەوام دەبن لە کارەکانیان، داواشی لە هاووڵاتییان کرد پارێزگاری لەو دەستکەوتانە بکەن.
" خوشک و براکانمان لە سێ پارچەکەی دیکەی کوردستان، هاوکارییان کردوین، و ئێمە بە هەزاران شەهیدمان داوە تا ناسنامەی ڕۆژئاوای کوردستان بپارێزین" عەبدی لە گوتارەکەیدا وای گوت.
هەروەها مەزڵوم عەبدی ئاشکرای کرد: "هەموو ئەو هێزە کوردییانەی کە بۆ هاوکاریکردنی ئێمە هاتبوون، لە ئێستادا ناوچەکەیان بەجێهێشتووە."
فەرماندەی گشتیی هەسەدە جەختی لەوە کردەوە کە هەسەدە بڕیاری داوە ببێتە بەشێک لە پرۆسەی بونیادنانی سوریای نوێ، خەباتی سیاسییشیان بۆ جێگیرکردنی مافە ڕەواکانی گەلانی ناوچەکە و بەتایبەت کورد لە دەستووری داهاتووی سوریادا بەردەوام دەبێت.
له کۆتاییدا ناوبراو ئاماژەی بە پێکەوەژیانی ئاشتییانەی پێکهاتەکانی کورد، عەرەب، سریانی، ئاشووری و ئەرمەن کرد و ئومێدی خواست سوریای نوێ کۆتایی بە سیاسەتەکانی ڕژێمی پێشووی بەعس بهێنێت کە لەسەر بێبەشکردنی زمان و کلتوور و گۆڕینی دیمۆگرافیا بنیاد نانرابوو.