خوێندکارێکی ئامادەیی شیرین لە شاری کەرکووک کە بە مەنهەجی کوردی دەخوێنێت، پلەی یەکەمی لەسەر ئاستی سەرانسەری عێراق بەدەستهێنا و وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستانیش پیرۆزبایی لێدەکات.
نیڤار بەختیار عادل، خوێندکاری ئامادەیی شیرین لە شاری کەرکووک کە بە پرۆگرامی سەربە وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان دەخوێنێت، نمرەی تەواوی (100%) لە تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12ی ئامادەیی وەزارەتی پەروەردەی عێراق بەدەستهێنا.
دوابەدوای تۆمارکردنی ئەم دەستکەوتە، ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا پیرۆزبایی لە نیڤار بەختیار و بنەماڵەکەی و کۆمەڵگەی پەروەردەیی کرد و شانازیی خۆی بەو ئاستە بەرزەی خوێندکارانی کورد دەربڕی.
وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا هەروەها پیرۆزبایی لە سەرجەم خوێندکارانی کەرکووک کرد کە بە پرۆگرامی کوردی خوێندنیان تەواو کردووە و دەرچوون؛
هاوکات سوپاس و پێزانینی ئاڕاستەی کارگێڕیی قوتابخانەکان، مامۆستایان و سەرپەرشتیاران کرد کە سەرەڕای بارودۆخە سەختەکان بەردەوامییان بە پرۆسەی خوێندن بە زمانی دایک داوە.
لە کەرکووک و ناوچە دابڕێنراوەکانی دیکە، خوێندن بە زمانی کوردی لە دوای ساڵی 2003وە بە فەرمی دەستیپێکرد و سەدان قوتابخانە بۆ زامنی خوێندنی منداڵانی کورد بە زمانی دایک کرانەوە.
سەرەڕای ئاستەنگە سیاسی و ئیدارییە بەردەوامەکان لەو ناوچانە، خوێندکارانی خوێندنی کوردی ساڵانە بەشداری لە تاقیکردنەوە وەزارییەکانی حکومەتی فیدراڵ دەکەن و ساڵانە ئاستی بەرز و نمرەی سەرەکی بەدەستدەهێنن.