ڕاستەوخۆ

هۆشیار زێباری: لەبەرامبەر وەزارەتی ناوخۆدا، پێشنیازی پۆستەکانی پێشمەرگە و ئەنجوومەنی ئاسایشمان بۆ یەکێتی کردووە

reset font size increase font size

ئەندامێکی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕای دەگەیەنێت، لەپێناو خێراپێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتدا نەرمیان نواندووە و لەبەرامبەر پۆستی وەزیری ناوخۆدا، پێشنیازیان کردووە پۆستەکانی وەزیری پێشمەرگە و سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان بدرێنە یەکێتی.

هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی و سەرۆکی پێشووی شاندی دانوستانکاری حیزبەکە بۆ پێکهێنانی حکومەت، لە لێدوانێکیدا بۆ میدیای حزبەکەی تیشکی خستە سەر دواین پێشھاتەکانی دانوستانەکان و ئاشکرای کرد، سەرباری پێداگریی یەکێتی بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزیری ناوخۆ، پارتی ئامادەیە هەردوو وەزارەتی پێشمەرگە و سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم بەو حیزبە بدات، کە دوو پۆستی هەستیاری ئەمنیین، لەگەڵ پێدانی پۆستی جێگری وەزیری ناوخۆش بۆ ئەوەی وەزارەتەکە بەیەکەوە بەڕێوە ببن.

لەبارەی دۆسیەی داراییەوە، زێباری ئاماژەی بەوە دا کە دوای گفتوگۆیەکی زۆر لەنێوان هەردوو وەزارەتی دارایی و سامانە سروشتییەکاندا، بە باشیان زانیوە وەزارەتی دارایی لای یەکێتی بێت، هەروەها لە وەرگرتنی وەزارەتە خزمەتگوزارییەکانیشدا یەکێتی دەستکراوەیە هەر کام لە وەزارەتەکان بێت.

سەرۆکی شاندی دانوستانکاری پارتی ئەوەشی خستە ڕوو، بژاردەیەکی تریش خڕابووە ڕوو، کە بریتی بووە لە وەرگرتنەوەی ئەو پێنج وەزارەتەی ئێستا لەلای بزووتنەوەی گۆڕان و حیزبەکانی ترن، بە جۆرێک سێ وەزارەت بە یەکێتی بدرێن و دووانیان لای پارتی بن.

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، هۆشیار زێباری نیگەرانیی خۆی دەربڕی لەوەی کە لە ماوەی ڕابردوودا بەهۆی دەستوەردان و زمانی توندی میدیایی و دروستبوونی کەشێکی ژەهراوی لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی هەردوو حیزب، ڕەوتی دانوستانەکان لە ڕێچکەی خۆی دەرچووە و کاتێکی زۆر لەدەستچووە.

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.