پرۆژەی "هەژماری من" ڕایگەیاند، تا ئێستا 96%ـی مووچەخۆرانی کەرتی گشتیی هەرێمی کوردستان لە پرۆژەکەدا تۆمار کراون و زیاتر لە 950 هەزار کەس کارتە بانکییەکانیان وەرگرتووەتەوە.
بەگوێرەی بڕیارێکی حکوومەتی عێراق، ئەو فەرمانبەرانەی تا 31ـی ئابی 2026 خۆیان تۆمار نەکەن و کارتەکانیان وەرنەگرنەوە، مووچەکانیان لەلایەن بەغداوە ڕادەگیرێت و نانێردرێت.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەرجەم ڕێکارەکانی بۆ بەبانکیکردنی مووچە گرتووەتە بەر و پرۆژەکەش داوا لەو مووچەخۆرانە دەکات کە هێشتا تۆمار نەکراون ئاگاداری مۆبایلەکانیان بن، چونکە لە ڕێگەی کورتەنامە، واتسئاپ و ڤایبەرەوە ئاگادار دەکرێنەوە بۆ وەرگرتنەوەی کارتەکانیان.
هاوکات هاووڵاتییان دەتوانن لە ڕێگەی ژمارە 1991ـەوە پەیوەندی بە سەنتەری خزمەتگوزارییەوە بکەن. بەپێی ئامارەکان، ڕێژەی تۆمارکردن لە هەولێر 99%، لە دهۆک 99% و لە سلێمانیش 94%ـە.