دەزگای چاودێریی بانکەکانی تورکیا مۆڵەتی چالاکبوونی لقی بانکی میلەتی ئێرانی لە ئەستەنبوڵ هەڵوەشاندەوە؛ میدیاکانی ئێرانیش دەڵێن ئەوە لەژێر فشاری ئەمریکادا ئەنجام دراوە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی میدیاکانی ئێران، ئەم بڕیارە دوای تێپەڕبوونی 44 ساڵ بەسەر کارکردنی ئەو بانکە ئێرانییە لە تورکیا دراوە، ئەوەش بەهۆی توندبوونی فشارەکان و ئەوەی تورکیا ناچار بووە سزاکانی سەر ئێران جێبەجێ بکات.
بانکە ئێرانییەکە لە تورکیا خاوەنی نزیکەی 41 ملیۆن یۆرۆ دارایی و 39 کارمەند بووە، و لە ماوەی ڕابردوودا چەندین جار بە تۆمەتی پەیوەندی بە بەرنامە ئەتۆمی و مووشەکییەکانی ئێرانەوە، کەوتووەتە بەر سزاکانی ئەمریکا و ئەوروپا.
چاودێران پێیان وایە هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی ئەم بانکە، کە دوای هۆشدارییە توندەکانی ئەمریکا دێت، دەتوانێت کاریگەریی گەورە لەسەر پەیوەندییە ئابووری و بانکییەکانی نێوان هەردوو وڵات دروست بکات.