دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی گشتیی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە)، دوای واژۆکردنی فەرمیی ڕەشنووسی یاسای چوارچێوە، کە ئەمرۆ چوارشەممە 5ی ئابی 2026 ئاراستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی تورکیا کرا، لە هەڵوێستێکی نوێدا بۆچوونی خۆی دەربارەی پرۆسەی ئاشتی و پەیوەندییەکانی لەگەڵ سەرکردەکانی کورد ڕوون کردەوە.
دەوڵەت باخچەلی ڕایگەیاند: "ئەم واژۆیەی کردوومانە مایەی خێر بێت. بەم هەنگاوە برایەتیی هەزار ساڵەی نێوانمان جارێکی تر مۆر کردەوە. بە تورک و کوردەوە، بەبێ گوێدانە زمان و ناسنامەیان، هەموان و 86 ملیۆن هاوڵاتیی ئێمە لەگەڵ سەرجەم گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوونە براوە، لە هەمان کاتدا یەکەم هەنگاویش بۆ پووچەڵکردنەوەی پڕۆژە جیهانییەکان نرا".
سەرۆکی گشتەی مەهەپە گوتی: "ئێمە پابەندین بە ئاداب و نەریتی دەوڵەتداری. سەرۆککۆمار لە نزیکەوە چاودێریی پرۆسەکە دەکات و سەرۆکی پەرلەمانیش سەرپەرشتیی ئەرکەکان دەکات. ئێمە پشتیوانی لە کارەکانیان دەکەین و ڕاست نابێت ئەگەر بکەوینە پێش ئەو هەنگاوانەی ئەوان بەڕێوەی دەبەن".
دەوڵەت باخچەلی ئاشکرای کرد، کە لە ڕێگەی پارێزەرانەوە هەواڵی سەلاحەدین دەمیرتاش دەپرسێت و پەیوەندییەکی ڕێزدارانەیان لە نێواندا هەیە، بەهۆی ئەوەی پێشتر لە پەرلەمان پێکەوە کاریان کردووە. باخچەلی گوتیشی: "من هەر لەسەر هەمان هەڵوێستم، دەبێت سەڵاحەدین دەمیرتاش بگەڕێتەوە ماڵەکەی خۆی، ئەحمەدەکانيش (ئەحمەد تورک و سەرۆکشارەوانییەکان) بۆ سەر ئەرکەکانیان و ئۆجالانیش بگاتە مافی هیوا. ئامانجی سەرەکیی ئێمە بەدەستهێنانی ئارامی و سەقامگیرییە بۆ تورکیا و تەواوی ناوچەکە".