زیاتر لە مانگێک بەسەر پێکهێنانی هاوپەیمانییەتیی نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و جوڵانەوەی نەوەی نوێدا تێپەڕ دەبێت، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەم هەنگاوە نەبووەتە هۆی کارابوونەوەی پەرلەمانی کوردستان و شکاندنی بەستەڵەکی سیاسی لە هەرێمی کوردستاندا، ئەمەش ڕووبەڕووی کاردانەوە و بۆچوونی جیاوازی پارتە سیاسییەکان بووەتەوە.
بورهان ڕەئوف، کادری پێشکەوتووی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان جەختی لەسەر ئامانجی هاوپەیمانییەتییەکە کردەوە و ڕایگەیاند، ئەم هەنگاوە دژی هیچ لایەنێکی سیاسی نییە، بەڵکو ئامانجی سەرەکیی پاراستنی بەرژەوەندیی گشتی و ڕاگرتنی تاکڕەوییە لە ئیدارەدانی دەسەڵاتدا.
کامەران غەریب، کارگێڕی لق لە مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی، پێگەی هاوپەیمانییەتییەکەی بە کەم زانی و ئاماژەی بەوە کرد، ئەم هاوپەیمانییە هیچ کاریگەرییەک لەسەر هاوکێشە سیاسییەکان و پرۆسەی بڕیاردان درووست ناکات.
سەروەر سلێمان، لێپرسراوی لاوانی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لە سلێمانی خوێندنەوەی بۆ پەیوەندییەکانی نێوان دوو حزبی دەسەڵاتدار کرد و ڕایگەیاند، هاوپەیمانی هەمیشەیی یان کاتی هەبێت یان نا، پارتی و یەکێتی هەر کاتێک بەرژەوەندییان تێدا بێت لەسەر پرسی حکومڕانی ڕێک دەکەون، بەمەش هەڵوێستی هێزەکانی دەرەوەی دەسەڵاتی خستە ڕوو.