دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق (CMC) لە ڕاگەیەندراوێکدا کۆتاییهاتنی گرێبەستەکە و ڕاگرتنی سەرجەم چالاکییەکانی کۆمپانیای پەیوەندییەکانی (کۆڕەک تیلیکۆم)ی ڕاگەیاند.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی دەستەکە، ئەم ڕێکارانە دوای ئەوە هاتووە، کۆمپانیاکە پابەندی جێبەجێکردنی ئەرکە دارایی و یاساییەکانی نەبووە و گرێبەستی ڕێککەوتنی دارایی هەڵوەشێنراوەتەوە. لەو چوارچێوەیەشدا، دەستەکە تەواوی ڕێکارە یاسایی و کارگێڕییەکانی گرتووەتە بەر، لەوانەش دەستبەسەرداگرتنی سەرمایەی گوازراوە و نەگوازراوەکانی کۆڕەک و بەردەوامبوونی ڕاگرتنی تەواوەتیی تۆڕەکە و سیستەمەکانی.
دەستەکە داوا لە بەشداربووان دەکات، بەکارهێنانی خزمەتگوزارییەکان، پڕکردنەوەی باڵانس و نوێکردنەوەی هاوبەشییەکانیان ڕابگرن تاوەکو تووشی زیانی دارایی نەبنەوە.
داوا لە بەشداربووان کراوە سیمکارتەکانیان لای خۆیان بپارێزن و فڕێی نەدەن، تا ئەو کاتەی ڕێنمایی نوێ لە ڕێگەی کەناڵە فەرمییەکانەوە بڵاو دەکرێتەوە.
داوا لە خاوەنی ئەو زەوی و خانوانە کراوە، کە تاوەرەکانی کۆڕەکیان لەسەرە، ڕێگە بە کارمەندانی کۆڕەک نەدەن دەستکاری ئامێرەکان بکەن یان بیگوازنەوە. دەستەکە جەختی کردووەتەوە، هەر سەرپێچییەک خاوەن موڵکەکە رووبەڕووی بەرپرسیارێتیی یاسایی دەکاتەوە لە پێناو پاراستنی سامانی گشتی و جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگا.