دابەشکردنی مووچەی مانگی حەوتی فەرمانبەران لە عێراق بە تەواوی بەرەو کۆتایی دەچێت و بەپێی بەدواداچوونەکان، ئامادەکارییەکان بۆ ناردنی شایستە داراییەکانی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە قۆناغی کۆتاییدان.
بەگوێرەی زانیارییەکان، فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق بەڵێنی داوە لە دوو ڕۆژی داهاتوودا (دووشەممە یان سێشەممە) شایستە داراییەکانی فەرمانبەران ڕەوانەی هەرێم بکات، بە مەرجێک پارەدارکردنی پێویست بۆ ئەو مەبەستە ئامادە بێت.
ئەگەر پڕۆسەی کۆکردنەوەی پارەکە دوا بکەوێت، ڕەوانەکردنی مووچە دەکەوێتە ڕۆژی پێنجشەممە یان سەرەتای هەفتەی داهاتوو، ئەمەش بەهۆی ئەوەی ڕۆژی چوارشەممە (12ی ئاب) بە بۆنەی کۆچی دوایی پێغەمبەرەوە لە تەواوی عێراق پشووی فەرمییە.
د. دانەر عەبدولغەففار (وتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق): جەختی کردەوە لە دوای قسەکردن لەگەڵ فەرمانگەکانی بودجە و ژمێریاریی وەزارەتی دارایی، ئاگادار کراوەتەوە کە هیچ لەمپەرێک لە بەردەم ناردنی مووچەی هەرێم نەمابێت و لە قۆناغی کۆکردنەوەی پارەی پێویستدان.
د. خالید شوانی وەزیری دادی عێراق ڕایگەیاند، لە کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق، ناوبراو پێی ڕاگەیاندووە، سەرقاڵی کۆکردنەوەی پارەن و هەر کاتێک بڕی پێویست ئامادە بێت، مووچەکە ڕەوانە دەکات.
لە لایەکی دیکەوە، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ ئەوەی ڕاستەوخۆ دوای گەیشتنی پارەکە دەست بە دابەشکردنی مووچە بکات.