کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ لە تورکیا (ئیهادە)، ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆی سەبارەت بە دۆخی ناو زیندانەکانی تورکیا بڵاوکردەوە و پەردەی لەسەر هەزاران حاڵەتی پێشێلکاریی توند، ئەشکەنجەدان و گیانلەدەستدانی گوماناوی لادا.
بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکانی کۆمەڵەی (ئیهادە)، لە ماوەی تەنیا یەک ساڵی ڕابردوودا، 24 هەزار و 207 حاڵەتی پێشێلکاریی جۆراوجۆر دژی مافەکانی زیندانییان لە سەرتاسەری تورکیادا تۆمار کراون.
ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە, لە ناو ئەو پێشێلکارییانەدا، دوو هەزار و 945 ڕووداوی ئەشکەنجەدان و مامەڵەی توندوتیژانە دژی بەندکراوان بە بەڵگەمەند کراون.
کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ تیشکی خستووەتە سەر ئەوەی، کە تاوەکو ئێستا وەزارەتی داد و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی زیندانەکانی تورکیا هیچ ئامارێکی فەرمی، ڕوون و شەفافیان لەسەر ڕێژەی مردنی بەندکراوان بڵاونەکردووەتەوە. بەڵام بەپێی بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە مەیدانییەکانی کۆمەڵەکە، لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا هەزار و یەک زیندانی لە ناو زیندانە جیاوازەکانی ئەو وڵاتەدا گیانیان لەدەستداوە.
بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکە تایبەت کراوە بە دۆخی تەندروستیی بەندکراوان، بە گوێرەی ئەو بەڵگانەی دەست کۆمەڵەی ئیهادە کەوتوون، لە ساڵی ٢٠٢٥ـەوە تاوەکو ئێستا، هەزار و 412 زیندانیی نەخۆش لە زیندانەکاندان، کە دۆخی تەندروستیی 335 کەسیان یەکجار ناجێگیرە و لە ژێر مەترسیی بەردەوامی گیانلەدەستداندان، بەهۆی نەبوونی چارەسەری پزیشکیی گونجاو و پشتگوێخستنی دۆخیان.
کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ (ئیهادە) داوایەکی بەپەلەی ئاراستەی دەسەڵاتدارانی ئەنقەرە کردووە، کە دەستبەجێ ڕێوشوێنی یاسایی بگرنەبەر بۆ کۆتایهێنان بەم پێشێلکارییە بەردەوامانە و دابینکردنی مافە مرۆیی و دەستوورییەکانی زیندانیان.