سوبحی ئۆزگەن، سەرۆکی کۆمەڵەی بزووتنەوەی زمانی کوردی (هەزکورد)، ڕایگەیاند، بۆ ساڵی خوێندنی 2026-2027 لە شارۆچکەی ئەسەنیورتی سەر بە ئیستەنبوڵ، نزیکەی هەزار خوێندکار وانەی بژاردەی کوردییان هەڵبژاردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ مامۆستایەکی پسپۆڕی زمانی کوردی بۆ شارۆچکەکە دانەمەزراوە.
سەرۆکی هەزکورد ئاماژەی بەوە کرد، پرۆسەی هەڵبژاردنی وانەکان لە شوباتی 2026 ئەنجام دراوە و قوتابخانەکانی وەک سوڵتان ئاڵپئارسلان و تۆکی ئۆرنەک، کە زۆرترین خواستیان لەسەر وانەی کوردی هەبووە، داوای مامۆستای هەمیشەیییان کردووە.
ئۆزگەن داوای لە یوسف تەکین، وەزیری پەروەردەی تورکیا، کرد، پلانی پێویست بۆ دامەزراندنی مامۆستایان بگرنە بەر، بەتایبەت کە لە 7ی ئەیلوولی 2026دا لە ڕێگەی سیستمی (CIMER)ەوە داوای دیداری لەگەڵ وەزیر کردووە و تاوەکو ئێستا وەڵام نەدراوەتەوە.
لە سیستمی پەروەردەی تورکیادا، زمانی کوردی لە ساڵی 2012وە وەک وانەی بژاردە بۆ پۆلەکانی 5 تا 8 لە قوتابخانەکاندا دەخوێندرێت و ئەگەر 10 قوتابی داوای بکەن، پۆلێکیان بۆ دەکرێتەوە.
بە گوێرەی زانیارییەکان، لە ساڵی خوێندنی 2025-2026دا لە سەرتاسەری تورکیا 37 هەزار و 406 خوێندکار وانەی کوردییان هەڵبژاردبوو، کە 30 هەزار و 441یان (81.4%) شێوەزاری کرمانجی و چوار هەزار و 488 خوێندکاریان (12%) زاراوەی زازاکییان هەڵبژاردبوو، ئەمەش بەراورد بە ساڵی خوێندنی 2024-2025 زیادبوونی بەخۆیەوە بینیوە، کە تێیدا لە 196 قوتابخانەدا 27 هەزار و 15 خوێندکاری کرمانجی و لە 30 قوتابخانەشدا 3 هەزار و 510 خوێندکاری شێوەزاری زازاکی (کرمانجکی)یان هەڵبژاردبوو.