لە میانەی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا لە شاری نیویۆرک، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا مەرجەکانی وڵاتەکەی بۆ کشانەوەی هێزەکانی لە بنکەی سەربازیی بەعشیقە لە عێراق خستە ڕوو.
هاکان فیدان ڕایگەیاند، کشانەوەی سوپای تورکیا لە بنکەی سەربازیی بەعشیقە ئەو کاتە دەست پێدەکات کە حکوومەتی عێراق دەست بە چەککردنی گروپە چەکدارەکان بکات، و پرۆسەی کشانەوەکەش بە شێوەی قۆناغ بە قۆناغ ئەنجام دەدرێت. فیدان بانگەشەی ئەوەشی کرد کە ئەم هەنگاوە دوای چەکدانانی هێزەکانی بەرخۆدانی شنگال (یەبەشە) جێبەجێ دەکرێت.
لە بەشێکی تری کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەیدا، وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بە پەیماننامەی مەککەی نێوان سعودیە، تورکیا و پاکستان کرد و ڕایگەیاند، لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا سکرتێری گشتیی پەیماننامەکە دیاری دەکرێت و چاوەڕوانیش دەکرێت پۆستەکە بۆ پشکبەرێکی پاکستانی یەکلا ببێتەوە.