ئۆزگور ئۆزێل، سەرۆکی یەنی پارتی لە بەشدارییەکی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵی (هەڵک تیڤی)، سەبارەت بە دەنگدانی پارتییەکەی لەسەر یاسای چوارچێو ڕایگەیاند، لە ڕووی پرەنسیپەوە نەیانستووە بڵێن نەخێر بۆ یاسایەک کە ڕێگە لە ڕشتنی خوێن دەگرێت.
ئۆزگور ئۆزێل جەختی لەوە کردەوە، کاتێک ڕێکخراوێکی چەکدار بڕیاری هەڵوەشاندنەوە و چەکدانان دەدات، پارتێک کە پێشتر داوای چارەسەرکردنی کێشەکانی لە پەرلەماندا کردووە، ناتوانێت دژی ئەم هەنگاوە بوەستێتەوە.
سەرۆکی یەنی پارتی ئاماژەی بەوە کرد، وەک سەرۆکی یەنی پارتی تەواوی بەرپرسیارێتیی ڕەزامەندییەکەی گرتووەتە ئەستۆ، هاوکات ڕوونی کردەوە، کە پێویستە لەلایەک ڕەچاوی هەستیارییەکانی ناوچەکانی دەریای ڕەش، تراکیا و ئانادۆڵ بکەن، و لەلایەکی دیکەشەوە گوێ لە دەنگدەرانی کورد و سۆسیال دیموکراتەکان بگرن، بەهۆی ئەوەی ئامانجیان بەدەستهێنانی دەنگە لە ئامەد، باتمان و مێردین و بەڕێوەبردنی تەواوی وڵات. ئەوەشی خستەڕوو کە ئەم بڕیارە کاریگەریی نەرێنی لەسەر ڕاپرسییەکان دروست نەکردووە.
سەبارەت بە ئەگەری دەستووری نوێ، سەرۆکی یەنی پارتی بە تەواوی ڕەتی کردەوە کە ئەم پاڵپشتییە ببێتە هەوڵێک بۆ داڕشتنەوەی دەستوور و گوتی: "ئێمە لە دەستووری نوێدا نین. دەستوور بابەتێکە و بێدەنگکردنی چەکەکان بابەتێکی دیکەیە". ئاماژەی بەوەش کرد، دەبێت پێشتر پابەندبوون بە دەستووری ئێستادا هەبێت و ئەم دەنگدانەش تەنیا بۆ وەستاندنی فرمێسکی دایکان و گەشەپێدانی وڵات بووە.
ئۆزگور ئۆزێل ئاماژەی بە پێشنیازەکەی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە کرد سەبارەت بە یاسای پارتییە سیاسییەکان و گوتی لە بانگەشەکەی باخچەلییەوە تێدەگات، کە تا ساڵێکی دیکە هەڵبژاردن بەڕێوەناچێت و پێشنیازەکە هەموارکردنەوەی یاساییە بەبێ دەستکاریکردنی دەستوور.
جێی ئاماژەیە، لە دەنگدانی یاسای چوارچێوەدا، لە کۆی پەرلەمانتارانی یەنی پارتی 35 پەرلەمانتار دەنگی بەڵێ و 54 پەرلەمانتار دەنگی نەخێریاندا، و دوو پەرلەمانتاریش بەشدارییان لە دەنگدانەکەدا نەکرد.