تۆم باراک، باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا، ڕایگەیاند کە بڕیاری سەپاندنی سزای ئەمریکا بەسەر بانکێکی تورکیدا “هەڵسەنگاندن و سەرکۆنەکردن” نییە بۆ خودی ئەنقەرە و سیستەمی دارایی ئەو وڵاتە.
ڕۆژی شەممە، باراک لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ڕوونی کردەوە کە ئەم هەنگاوە بەشێکە لە هەڵمەتی ئابووریی واشنتن دژی تاران، کە ئامانجی "داخستنی یەک بە دوای یەکی ئەو کەناڵانەیە کە تاران داهاتی چالاکییەکانی تێیدا سپی دەکاتەوە".
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا ڕۆژی هەینی، بانکی "گۆڵدن گڵۆبڵ"ی تورکی و لقەکانی خستە بەر سزا بە تۆمەتی ئاسانکاری بۆ گواستنەوەی دەها ملیۆن دۆلار لە مامەڵەکان بۆ فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران.
باڵیۆزی ئەمریکا جەختی کردەوە کە ئەم دەستنیشانکردنە تەنها دژی ڕفتاری یەک قەوارەیە و بە هیچ شێوەیەک ئاراستەی نەتەوەیەک، سیستەمێکی بانکی، یان هاوپەیمانێک نەکراوە.
هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا و هاوتا تورکەکانیان لە پەیوەندیی بەردەوامدا بوون و ئەنقەرەی بە "هاوبەشێکی خاوەن سەروەری" وەسف کرد.