ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، لە گوتاری دەستپێکی پێنجەمین وەرزی یاسادانانی 28ەمین خولی پەرلەمانی وڵاتەکەی داوای لە سەرجەم پارتە سیاسییەکان کرد بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی تورکیا بخەنە سەرووی هەموو بابەتێکەوە.
ئەردۆغان ئاماژەی بەوە کرد، سیاسەتی جەمسەرگیری و دژایەتیکردنی ڕەها بەسەرچووە و جەختی لە سەرپێخستنی سیاسەتێک کردەوە، کە گەیشتن بە کەمترین خاڵی هاوبەش بکاتە بنەما.
سەبارەت بە پرۆسەی چارەسەری و یاسای پاڵپشتیی نیشتمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی، سەرۆککۆماری تورکیا ڕایگەیاند، پڕۆسەی بەدواداچوون بە گوێرەی یاسای چوارچێوە بەردەوام دەبێت و لەگەڵ هەنگاونانی پێویست، دامەزراوە پەیوەندیدارەکان ئەرکی خۆیان جێبەجێ دەکەن، هاوکات گوتیشی، ئەم پرۆسەیە هێزی زیاتری بە بەغدا و ئەنقەرە بەخشیوە و کاریگەریی لەسەر نەیارانی تورکیا دروست کردووە.
ئەردۆغان تیشکی خستە سەر ئامانجی داڕشتنی دەستوورێکی نوێ و مەدەنی بۆ بەهێزکردنی دیموکراسیی وڵاتەکەی و جەختی لەوە کردەوە، پەرلەمان شایستەیی و دەسەڵاتی تەواوی هەیە بۆ جێبەجێکردنی ئەو ئەرکە.