کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)، سەبارەت بە ڕەشنووسی یاسای "بەهێزکردنی پێکەوەژیانی نیشتمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی"، کە بە "یاسای چوارچێوە" ناسراوە و بڕیارە لە پەرلەمانی تورکیا تاوتوێ بکرێت ڕایگەیاند، پارتەکەی بە بێ دوودڵی پشتیوانی لەم پرۆسەیە دەکات.
کەمال کڵچدارئۆغڵو لە ڕاگەیەندراوێکدا جەختی کردەوە: "وەک فراکسیۆنی پارتی گەلی کۆماری، لە چوارچێوەی ئەو بەرپرسیاریەتییە مێژوویییەی کەوتووەتە سەر شانمان، ڕەفتار دەکەین، نەک تەنها وەک پشتیوانێک، بەڵکو وەک لایەنێک، کە بەرپرسیاریەتی هەڵدەگرێت، پێشەنگی دەکات و ئاراستەی دروست نیشان دەدات".
سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) ڕوونی کردەوە، ئەم هەنگاوە بۆ بەهێزکردنی برادەرایەتی و ساڕێژکردنی برینەکانە. ئاماژەی بەوەش کرد: "ئەوانەی خەون بە دروستکردنی ئاڵۆزی دەبینن، دەبێت بزانن ئیرادەی هاوبەشی گەل، دەوڵەت و خوشک و برایەتیمان وەڵامیان دەداتەوە. جیاوازییەکانمان دەوڵەمەندیی وڵاتەکەمانن و بۆ ئێمە پێكهاتەی دەوڵەتی یەکگرتوو، چوار ماددەی یەکەمی دەستوور و یەکێتیی گەلەکەمان هێڵی سوورن".
کەمال کڵچدارئۆغڵو جەختی کردەوە، بەهێزبوونی خوشک و برایەتی بەواتای بەهێزبوونی تەواوی وڵات دێت و ڕایگەیاند: "تەنها بە بەهێزکردنی یەکێتیی ناوخۆیی، وڵات دەتوانێت ببێتە هێزێکی هەرێمی و جیهانی. ئامانجی ئێمە تورکیایەکی بەهێز، دیموکرات و خاوەن ئابوورییەکی سەقامگیرە، ڕێگەش بە هیچ هەوڵێک نادەین بیەوێت ئاڵۆزی لە وڵاتدا دروست بکات".