بەپێی راپۆرتێکی نوێی ئەنجوومەنی ئەورووپا، تورکیا لەسەر ئاستی وڵاتانی کیشوەری ئەورووپا، لە ڕووی زۆریی رێژەی زیندانیان و قەرەباڵغیی نێو زیندانەکانەوە لە پلەی یەکەمدایە.
لە راپۆرتی ساڵانەی (SPACE I 2025) کە لە لایەن ئەنجوومەنی ئەورووپا بۆ کاروباری زیندانیان و زانکۆی لۆزانەوە ئامادەکراوە، هاتووە کە لە تورکیادا لە بەرامبەر هەر 100 هەزار کەسێک، 458 زیندانی هەیە؛ ئەمەش لەکاتێکدایە کە تێکڕای ئەم رێژەیە لە وڵاتانی دیکەی ئەورووپادا تەنیا 127 کەسە.
راپۆرتەکە کێشەیەکی دیکەی گەورەی زیندانەکانی تورکیا ئاشکرا دەکات کە ئەویش چڕی و قەرەباڵغییەکی لەڕادەبەدەرە؛ بەپێی ئامارەکان، توانای راستەقینەی زیندانەکانی تورکیا 299 هەزار و 880 کەسە، بەڵام لە ئێستادا 392 هەزار و 456 زیندانییان تێدایە. ئەمەش واتە لە بەرامبەر هەر 100 شوێنێکی دیاریکراو بۆ زیندانیان، 130 کەسی تێدا دەهێڵرێتەوە، بەوەش تورکیا قەرەباڵغترین زیندانەکانی لەسەرانسەری ئەورووپادا هەیە.
سەبارەت بە رێژەی مردنیش لە نێو زیندانەکاندا، راپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە لە ساڵی 2024دا، 745 کەس لە زیندانەکانی تورکیادا گیانیان لەدەستداوە، کە 54 کەسیان خۆیان کوشتووە؛ هەرچەندە بەپێی راپۆرتەکە، رێژەی خۆکوژی لە زیندانەکانی تورکیادا بە بەراورد بە تێکڕای ئەورووپا لە ئاستێکی نزمتردایە.