فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند، پێویستە تەواوی گرووپە چەکدارەکان لە عێراقدا چەکەکانیان دابنێن و رادەستی دەوڵەتی بکەنەوە، راشیگەیاند کە تاوەکو کۆتایی مانگی ئەیلوولی ئەمساڵ هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەکشێنەوە.
وەزیری دەرەوەی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ میدیای پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژەی بەوە کردووە، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق جەخت لە پاراستنی ئاسایش دەکاتەوە بۆ ئەوەی کۆمپانیا بیانییەکان بتوانن بەردەوام بن لە وەبەرهێنان؛ ئەمەش تەنیا بەوە دەبێت کە گرووپە چەکدارەکان چەکەکانیان رادەستی دەوڵەت بکەنەوە.
لەبارەی دۆسیەی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان، فوئاد حسێن ئاشکرای کرد کە لەسەر داخوازی حکومەتی عێراق، رێککەوتن کراوە هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە کۆتایی مانگی ئەیلوولی ئەمساڵدا (2026) لە عێراق و هەرێمی کوردستان بکشێنەوە.
هاوکات، باسی لە پەیوەندییەکانی بەغدا و واشنتن کرد لە سەردەمی ئیدارەی نوێی ئەمریکادا و گوتی: "دۆناڵد ترەمپ پاڵپشتیی خۆی بۆ حکومەتی ئێستای عێراق دووپاتکردووەتەوە. جیا لە پشتگیریی سیاسی، بڕیارە چەندین رێککەوتنی بازرگانی لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان واژۆ بکرێن، بەتایبەتی ئەو کۆمپانیایانەی لە بوارەکانی وزە، نەوت، غاز و کارەبادا کار دەکەن."