بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر ڕایگەیاند، تۆمەتبارێکیان دەستگیر کردووە، کە برایەکی خۆی کوشتووە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 30ـی نیسانی 2026، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر بڵاویکردەوە، دوای ئاگادارکردنەوەیان لە ڕوداوێکی کوشتن لە گوندی (دووشیوان)ـی شارۆچکەی قوشتەپەی سەر بە هەولێر، لە لایەن تیمەکانیانەوە ناسنامەی کوژراو و بکوژ ئاشکرا کراوە.
ئاسایشی هەولێر ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە، برایەکی کوژراوەکەیان بە تۆمەتی "کوشتنی براکەی" دەستگیر کردووە و دوای لێکۆڵینەوە، دانی بە تاوانەکەیدا ناوە.
ئاشکراشی کردووە، کوژراوەکە ناوی ( مالک ئەنوەر احمد )ـە، پیشەی شوانی مەڕووماڵاتە و ڕۆژی 28ـی ئەم مانگە، لە شوێنێکی چۆڵەوانی لە لایەن براکەیەوە کوژراوە.
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایش باسی لەوەش کردووە، بکوژەکە دانی بەوەشدا ناوە، کە لە سەر کێشەیەکی کۆمەڵایەتی براکەی خۆی کوشتووە.