ئاژانسی تەسنیمی ئێرانی بلاوی کردوەتەوە، ئەمڕۆ، چوارشەمە نوێنەری ڕێبەری ئێران، موجتەبا خامنەیی و تیمیکی سوپای پاسداران، سەردانی خاڵی سفری سنووریی بانەیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان کرد و ڕایگەیاند، ئامادەیی هێزەکانیان لە سنوورەکانی کوردستان لە ئاستێکی باڵادایە.
ئەم سەردانەش دوای دوو ڕۆژ لە ڕێککەوتنی نوێی تاران و بەغدا دێت بۆ توندکردنەوەی زیاتری سنوورەکان.
لەوێ ئاستی توانا و ئامادەیی هێزەکانی سوپای پاسدارانی لە پارێزگای کوردستان بە "باش و لەبار" وەسف کرد بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر مەترسییەک.
ئەم جووڵە سەربازییەی تاران لە کاتێکدایە، تەنیا دوو ڕۆژ پێش ئێستا ئێران و عێراق لەسەر توندکردنەوەی ڕێکارە ئەمنییەکانی سەر سنوور گەیشتنە ڕێککەوتن.
بەپێی زانیارییەکان، هەردوولا پابەندبوونی خۆیان دووپات کردووەتەوە بۆ کۆنترۆڵکردنی توندوتۆڵی سنوورەکان و ڕێگریکردن لە هەر جموجۆڵێکی چەکداری کە ببێتە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی سنوورەکانی نێوانیان.
سەردانەکەی نوێنەری خامنەیی بۆ خاڵی سفری سنووری، وەک پەیامێکی ئامادەیی سپا دادەنرێت بۆ جێبەجێکردنی بڕگەکانی ئەو ڕێککەوتنە ئەمنییەی کە لەگەڵ بەغدا واژۆیان کردووە، بەتایبەت لە ناوچە شاخاوییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران کە تاران بەردەوام وەک ناوچەیەکی هەستیار سەیری دەکات.