لە شاری ڕوحای باکووری کوردستان، لە ئەنجامی دادگاییکردنێک دا سزای زیندانیکردن بە سەر دوو کەس لە کەسوکاری قوربانیانی کۆمەڵکوژییەکەی پرسووس دا سەپێنرا.
ئەمڕۆ پێنجشەممە (14) ی ئایاری (2026)، لە دانیشتنی دادگای (17) ی سزای گشتیی ڕوحا، دۆسیەی دادگاییکردنی نۆ کەس بەڕێوە چوو، کە بەوە تۆمەتبار کرابوون، لە کاتی بەڕێوەچوونی (21) ەمین دانیشتنی دۆسیەی سەرەکیی کۆمەڵکوژییەکە دا، بە هۆی دەڕبرینی ناڕەزایەتی، سووکایەتییان بە دەستەی دادوەری کردووە.
شاهین توموکلۆ، هاوسەرۆکی پێشووی پارتی سۆسیالیستی چەوساوەکان (ئەسەپە)، کە لە ڕێگەی سیستەمی دەنگ و ڕەنگەوە لە زیندانی مەڕمەڕەوە بەشداریی دانیشتنەکە بوو ڕایگەیاند، ئەوان تەنیا داوای دادپەروەرییان کردووە و گوتی: "هیچ سووکایەتییەک لە ئارادا نەبووە، ئێمە مافە یاساییەکانی خۆمان بەکار هێناوە. کاتێک داوامان کرد گوێ لە بەرپرسانی دەوڵەت بگیرێت، دادگا ڕەتی کردەوە و فەرمانی بە جەندرمە کرد هێرش بکەنە سەر خێزانەکانمان، بۆیە سزادانی من نایاساییە".
هاوكاتیش عایشە شەهریبان دەمیرەل، پارێزەری کەیسەکە لە بارەی ڕووداوەکەوە ڕایگەیاند: "لە کاتی ڕووداوەکە دا لەوێ بووم، خێزانەکان تەنیا داوای دادگاییکردنێکی دادپەروەرانەیان دەکرد، بەڵام سەرۆکی دادگا لە ڕێگەی جەندرمەوە هێرشی کردە سەریان. هیچ بەڵگەیەکی تاوان و سووکایەتیکردنێک بوونی نییە و ئەم دۆسیەیە لە ڕاستی دا بەردەوامیی دۆسیەی کۆمەڵکوژییەکەیە".
دەستەی دادوەران بە تۆمەتی سووکایەتیکردن، سزای ساڵێک و شەش مانگ زیندانیکردنی بەسەر هەریەکە لە (فەتحی ئایدن) و (مەحمەد ئۆزکان) دا سەپاند، بەڵام بڕیار درا بە دواخستنی جێبەجێکردنی سزاکە.
دادگا لە هەمان دانیشتن دا بڕیاری بێبەریبوونی بۆ شەش کەسی دیکە بە ناوەکانی چاغلا سەڤەن, کۆرای تورکای، ئۆزگن ئویار، شاهین توموکلۆ، یاسەمین بۆیراز و یوسف یورتاغڵو دەرکرد؛ هەروەهایش دۆسیەی (سوڵتان یڵدز)یشی بە هۆی ئەوەی لە (6) ی ئەیلوولی (2025) دا کۆچی دوایی کردبوو، داخست.
کۆمەڵکوژییەکەی پرسووس لە (20) ی تەممووزی (2015) دا لە لایەن چەکدارانی داعشەوە لە ڕێگەی تەقینەوەیەکی خۆکوژییەوە لە ناوەندی ڕۆشنبیریی ئامارا ئەنجام درا، کە بە هۆیەوە (33) گەنج شەهید بوون و دەیان کەسی دیکەیش بریندار بوون.