هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی ڕایدەگەیەنێت, بۆ سەرکەوتنی هەر پڕۆسەیەکی چارەسەری، پێویستە لایەنی دانوستانکار و خشتەیەکی کاتیی دیاریکراو هەبێت، دەشڵێت پشتبەستن بە ڕێکارە ئەمنییەکان هیچ ئەنجامێکی نابێت.
لە دیمانەیەکی تایبەتدا لەگەڵ ئاژانسی میزۆپۆتامیا، سەبارەت بە ئاسۆکانی چارەسەریی پرسی کورد، تونجەر باکرهان تیشکی خستە سەر ئاستەنگەکانی بەردەم پڕۆسەی ئاشتی. ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد، تەنیا لێدوانی سیاسی بەس نین و نەبوونی ڕوونکردنەوەی فەرمی لەلایەن دەسەڵاتەوە، بێمتمانەیی لە نێوان لایەنەکاندا قووڵتر دەکاتەوە.
تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی لەبارەی پێویستی یاسایی پڕۆسەکەوە ڕایگەیاند، هەر پڕۆسەیەک چوارچێوەی سیاسی و یاسایی نەبێت و پێگەی لایەنی سەرەکی دانوستانکاری دیارینەکرێت، شکست دەهێنێت و گوتی: "پێشنیازەکەی دەوڵەت باخچەلی بۆ ناساندنی عەبدوڵا ئۆجالان وەک لایەنی دانوستانکار، دەکرێت ببێتە وەرچەرخانێکی گرنگ، بەڵام پێویستە ئەمە بکرێتە بەرنامەی کار و چەند ڕەهەندێکی سەرەکیی بۆ دیاری بکرێت".
هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی راشیگەیاند: "پڕۆسەی ئاشتی بۆشایی قبوڵ ناکات، ئەگەر خشتەیەکی کاتیی دیاریکراو و یاسای هەموارکراو بۆ پاراستنی هەنگاوەکان نەبێت، ڕێگە بۆ هەوڵە تێکدەرەکان دەکرێتەوە و پڕۆسەکە تەنیا لە چوارچێوەی گوتاردا دەمێنێتەوە".
تونجەر باکرهان، جەختی لەوە کردەوە، پشتبەستن بە میکانیزمە ئەمنییەکان لە ڕابردوودا تاقیکراوەتەوە و هیچ ئەنجامێکی نەبووە، هەر بۆیە داوای کرد، کە پەرلەمان و لایەنە سیاسییەکان ببنە چەتری پاراستنی یاسایی بۆ هەر هەنگاوێکی نوێ.