بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی بریکس بە بەشداریی سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا، لە نیودەهلی پایتەختی هیندستان دەستی پێکرد، کە بڕیارە بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام بێت.
دانیشتنی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە ناوەندی کۆڕبەند و پێشانگای نێودەوڵەتی (بەهارات مانداپام) دەستی پێکرد، کە گەورەترین ناوەندی لەو جۆرەیە لە هیندستان. ئەم کۆبوونەوەیە هاوکاتە لەگەڵ بیستەمین ساڵیادی دامەزراندنی بریکس و تێیدا تیشک دەخرێتە سەر پرسە جیهانی و هەرێمییەکان و پەرەپێدانی هاوکاریی نێوان وڵاتانی ئەندام.
سەرچاوە دیپلۆماسییەکان ڕایانگەیاند، ئەم دیدارە وەک هەلێکی گرنگ دەبینرێت بۆ چارەسەرکردنی ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گوتیان: "وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی بریکس هەوڵ دەدەن زەمینەیەک بۆ خاوکردنەوەی دۆخی ئێران و زاڵبوون بەسەر ئاڵۆزییەکانی گەرووی هورمز بڕەخسێنن".
ئەو سەرچاوانە راشیانگەیاند: "کۆبوونەوەکەی ئەمساڵ لە کەشێکی سیاسیی ناجێگیردا بەڕێوەدەچێت، چونکە قەیرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر چەندین ئەندامی بریکس هەبووە و پێویستی بە هەماهەنگیی زیاتر هەیە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە ئابوورییەکان".
لایەنە بەشداربووەکان جەختیان لەوە کردەوە، جگە لە دۆسیە سیاسییەکان، تیشک دەخرێتە سەر داهێنان و پەرەپێدانی پەیوەندییە بازرگانییەکان و گوتیشیان: "بریکس دەیەوێت لەم ساڵیادەدا وەک جەمسەرێکی کاریگەر لە چارەسەرکردنی کێشە نێودەوڵەتییەکاندا دەربکەوێت".