ڕاستەوخۆ

وەزارەتی ناوخۆ ماوەی ساڵێک تۆمارکردنی ئۆتۆمبێلی بۆ بازرگانان درێژ کردەوە

reset font size increase font size

وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیارێکی نوێی بۆ بەرژەوەندیی بازرگانان و خاوەن پێشەنگاکان دەرکرد و تێیدا ماوەی ساڵێک تۆمارکردنی بۆ ئەو ئۆتۆمبێلانە درێژ کردەوە، کە بە هۆی شەڕی نێوان ئەمریکا و ئێرانەوە لە بازاڕەکان دا ماونەتەوە.

وەزارەتی ناوخۆ فەرمانێکی وزاریی بە ژمارە (13935) بڵاو کردەوە، کە لە ڕێکەوتی (13) ی ئایاری (2026) بە واژووی ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ دەرچووە. بە پێی فەرمانەکە، بڕیار دراوە بە درێژکردنەوەی ماوەی ساڵێک بۆ تۆمارکردنی ئەو ئۆتۆمبێل و ماتۆرسکیلانەی پێش هەڵگیرسانی شەڕ هاوردە کراون، بەڵام بە هۆی دۆخی ئەمنییەوە نەیانتوانیوە بیانفرۆشن.

سەرچاوەیەکی بەرپرس لە وەزارەتی ناوخۆ لە بارەی هۆکارەکانی دەرکردنی ئەم بڕیارە ڕایگەیاند، ئەم هەنگاوە وەک هاوکارییەک بۆ بازرگانان و خاوەن کۆمپانیاکان هاتووە، کە بە هۆی لێکەوتەکانی شەڕی نێوان ئەمریکا و ئێران زیانیان بەرکەوتووە و گوتی: "لەبەر ئەوەی دۆخی شەڕ کاریگەریی ڕاستەوخۆی لە سەر کار و گوزەرانی خەڵک و جووڵەی بازرگانی هەبووە، بڕیار درا ئەو بازرگانانەی ئۆتۆمبێلیان لە گەراج و پێشەنگاکان دا ماوەتەوە، بۆ ماوەی ساڵێک لە سزای دارایی ببەخشرێن".

ئەو سەرچاوەیە ڕاشیگەیاند: "ئەم بڕیارە لە بەرواری دەرچوونی فەرمانەکەوە کاری پێ دەکرێت و هەموو ئەو بازرگان و خاوەن پێشەنگاکان دەگرێتەوە، کە پێشتر ئۆتۆمبێل و ماتۆرسکیلیان هاوردە کردووە و بە هۆی دۆخی نائاسایی ناوچەکەوە پڕۆسەی فرۆشتنیان پەکی کەوتووە".

وەزارەتی ناوخۆ جەختی لەوە کردەوە، کە ئەم ئاسانکارییە تەنها بۆ ساڵێک دەبێت و ئامانج لێی کەمکردنەوەی بارگرانیی داراییە لە سەر کەرتی تایبەت و گوتیشیان: "هیچ سزایەکی دارایی ناکەوێتە سەر ئەو کەسانەی لە ماوەی دیاریکراو دا ئۆتۆمبێلەکانیان تۆمار دەکەن".

باشوری کوردستان
نوچە تیڤی

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.