هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران ڕایانگەیاند، سەرکۆنەی هێرشە موشەکی و درۆنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر بارەگاکانیان دەکەن و دەشڵێن، پێویستە نەتەوە یەکگرتووەکان سنورێک بۆ ئەم تاوانە دابنێن.
هاوپەیمانییەکە لە ڕاگەیەنراوێکدا دەڵێ، تاران زیاتر لە 700 جار سەروەریی خاکی عێراقی بەزاندووە و بەهۆی هێرشەکانەوە 21 کەس شەهید بوون.
ئەوەش هاتووە، داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و ناوەندە جیهانییەکان دەکەین، سنورێک بۆ ئەم تاوانە دابنێن. داوا لە کوردانی تاراوگەش دەکەن بڕژێنە سەر شەقامەکان و لە بەردەم باڵوێزخانەکان گردبوونەوەی ناڕەزایەتیی ئەنجام بدەن.
ئاماژە بەوەشکراوە، ئەم گوشارانە ئیرادەیان بۆ ڕووخانی ڕژێمی ئێران و ڕزگاریی کوردستان بەهێزتر دەکات، هێرشەکانیش وەک نیشانەی لاوازیی کۆماری ئیسلامی دەبینن.