سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر بڕیارێکی نوێی سەبارەت بە ڕێکخستنەوەی کاسبکارانی سەنتەری شار دەرکرد و ڕایگەیاند، لەمەودوا لە ڕۆژانی هەینیدا هاووڵاتییانی بیانی (بەنگلادیشی، عەرەب و ئەوانی تر) بۆیان نییە لە سەنتەری شار و شەقامە گشتییەکاندا کار بکەن.
شارەوانیی هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، بەپێی بەدواداچوونەکان، ٨٠٪ی کاسبکارانی سەنتەری شار لە ڕۆژانی هەینیدا بیانیین و سەرەڕای داگیرکردنی شەقامەکان، پابەندی ڕێنماییەکانی پاکوخاوێنی نابن و پاشماوەیەکی زۆر لە دوای خۆیان جێدەهێڵن، ئەوەش بۆتە هۆی گلەیی هاووڵاتییان و قوربوونی ئەرکی تیمەکانی شارەوانی.
بڕيار و ڕێنماییە نوێیەکانی شارەوانی:
قەدەغەکردنی کاری بیانییەکان لە ڕۆژانی هەینی: هاووڵاتیی بیانی (بەنگلادیشی، عەرەب و هەر نەتەوەیەکی تری دەرەکی) بۆیان نییە ڕۆژانی هەینی لە سەنتەری شار کاسبی بکەن، بەڵام لە ڕۆژانی دیکەی هەفتەدا دەتوانن کارەکانیان بکەن.
پاراستنی شەقامەکان: بەهیچ جۆرێک ڕێگا نادرێت شەقامی سەرەکی بگرێت و دەبێت کاسبی تەنیا لەسەر شۆستەکان ئەنجام بدرێت.
پاووخاوێنی: پێویستە سەرجەم کاسبکاران لە دوای تەواوبوونی کارەکانیان، بەردەم شوێنەکەیان بە تەواوی پاک بکەنەوە.
ئەم بڕیارە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی شارەوانیی هەولێردایە بۆ کۆتاییهاتن بە جەنجاڵی، پاراستنی جوانی و سیمای شار، و فەراهەمکردنی ژینگەیەکی گونجاو بۆ بازاڕکردنی هاووڵاتییان لە ڕۆژانی پشوودا.