ڕاستەوخۆ

15 ساڵ بەسەر خۆپیشاندانەکانی 17ـی شووبات تێدەپەڕێت

reset font size increase font size

ساڵی 2010 بۆ 2011 بەهۆی کەمی خزمەتگوزاری و خراپی دۆخی کارەبا لەو کاتەدا، بەردەوام هاووڵاتیان خۆپیشاندانیان دەکرد و داوای مافە سەرەتاییەکانیان دەکرد، ئەمەش زۆرجار رووبەڕووبونەوەی لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان لێدەکەوتەوە.

لە 17ـی شووباتی ساڵی 2011، کاتێک لە سلێمانی هاووڵاتیان وەک ناڕەزاییەک بۆ ئەو دۆخەی تێیدابوون رژانە سەر شەقامەکان، بەهۆی هێرشکردنە سەر لقی چواری پارتی دیموکراتی کوردستان لەلایەن بەشێک لە خۆپیشاندەرانەوە، ئاڵۆزی دروستبوو، لە لایەن پاسەوانەکانی ئەو بارەگایەی پارتی، تەقە لە خۆپیشاندەران کرا و بەهۆیەوە گەنجێک بە ناوی رێژوان عەلی شەهید بوو و 37ـی دیکەش برینداربوون، ئەمەش بووە هۆی ئەوە خۆپیشاندانەکان پەرەبسەنێت بۆ زۆرینەی شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان.

هەرچەندە، نەوشیروان مستەفا رێکخەری گشتی ئەوکاتی بزووتنەوەی گۆڕان، لە ئێوارەی 17ـی شووبات پشتگیری خۆپیشاندەرانی نەکرد، بەڵام دەسەڵات لەو کاتەدا بزووتنەوەی گۆڕانی تۆماتبار دەکرد بە دروستکردنی ئەو ئاڵۆزیانە.

خۆپیشاندانەکان ماوەی 63 رۆژ بەردەوام بوو، لەو ماوەیەشدا حەوت هاووڵاتی شەهید بوون و سەدانی دیکەش برینداربوون، ئەمەش بێجگە لەوەی سەدان گەنج بە تۆمەتی بەشداریکردن لە خۆپیشاندانەکاندا دەستگیرکران.

رۆژی 19ی شوبات دوو خۆپیشاندەری دیکە لە سلێمانی بە ناوەكانی شێرزاد تەها و سوركێو زاهیر بە فیشەكی هێزە ئەمنییەكان شەهیدکران و ئەمەش هێندەی دیکە دۆخەکەی ئاڵۆزکرد.

لەدواى 19ى مانگەوە، خۆپیشاندانەكان قەزا و ناحییەكانی سنوری سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان و راپەڕینی گرتەوە، رۆژی 25ی شوبات گەرمیان ئەحمەد لە چەمچەماڵ و بیلال ئەحمەد لە كەلار بە گولـلەی پاسەوانانی لقی پارتی شەهیدکران، بۆ رۆژی دوایی لە شاری سلێمانی ئومێد جەلال بە فیشەكی هێزە ئەمنییەكانی شارەکە شەهیدکرا.

لەو ماوەیەدا و لە کاردانەوەی خۆپیشاندانەکانی سوتاندنی بارەگاکانی پارتی، ئاڵۆزییەکان تەنها لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان نەوەستا، بەڵکو بارەگاکانی لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن، بەتایبەتی بزووتنەوەی گۆڕان لە شاری هەولێر و دهۆک سوتێنران و بەشێک لە کادرەکانیان دەستگیرکران.

دواتر لایەنەکانی دەسەڵات هێزێکی هاوبەشیان هێنایە سنووری سلێمانی، کە لەو کاتەدا گومانی ئەوە دەکرا بۆ لێدانبێت لە بزووتنەوەی گۆڕان، بەڵام دواتر بەهۆی فشاری خۆپیشاندەران و لایەنگرانی ئەو بزووتنەوەیەوە، پاشەکشە بە هێزەکە کرا و لە رۆژی 63هەمینی خۆپیشاندانەکاندا و رۆژی (19)ی نیسان بە هێزی چەكدار كۆتایی بە خۆپیشاندان هات، بۆ رێگریكردن لە سەرهەڵدانەوەی خۆپیشاندان هەڵمەتی دەستگیركردن دەستیپێكرد و ژمارەیەكی زۆر هێزی ئەمنی بە جلی سەربازی و مەدەنییەوە لە ناو شاری سلێمانی بڵاوەی پێكرا. لە رێگەی هێزەوە کۆتایی بە ناڕەزاییەکانی هاووڵاتیان هێنرا، بەڵام 17ی شوبات وەک یادێک مێژوویەک لە یادەوەری خەڵکی هەرێمی کوردستاندا ماوە و بەشێکە لە مێژووی ناڕەزایەتی خەڵک بەرامبەر دەسەڵات، بۆ باشکردنی ژیان و گوزەرانیان.

 

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.