لە سنوری شارەدێی سیتەک ڕووداوێکی ئاگرکەوتنەوە روویدا و بووە هۆی سووتانی ڕووبەرێکی فراوان لە پوش و پاوان و دارستانی سروشتی ناوچەکە.
پۆلیسی دارستانی سیتەک رایگەیاند، لە دوای کەوتنەوەی ئاگرەکە بە هۆکارێکی نادیار، مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی دارستانی سیتەک بە هاوکاری تیمەکانی بەرگری شارستانیی سیتەک و هاووڵاتییانی دڵسۆز و ژینگەدۆستی سنورەکە گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە.
بە هەوڵ و کۆششی سەرجەم لایەنەکان توانرا ڕێگری لە تەشەنەسەندنی زیاتری ئاگرەکە بگرێت و بە تەواوی کۆنتڕۆڵ بکرێت.
سەبارەت بە زیانەکانی ڕووداوەکە، وەک پۆلیسی دارستان ئاماژەی پێدەکات بەپێی خەمڵاندنە سەرەتاییەکان ڕووبەری (20) دۆنم لە پوش و پاوان و داری سروشتی ناوچەکە سووتاون، جگه لەوەی ئاگرەکە پەڕیوەتەوە بۆ ناو چەند باخێکی هاووڵاتییان و زیانی پێگەیاندوون. لایەنە پەیوەندیدارەکان بەردەوامن لە لێکۆڵینەوە بۆ دیاریکردنی هۆکاری سەرەکیی کەوتنەوەی ئاگرەکە.