حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بڕیاری تاکلایەنەی هەردوو کۆمپانیای دانە غاز و کرێسنت پترۆلیۆم بۆ دابینکردنی غاز لە کێڵگەی کۆرمۆرەوە بۆ وەزارەتی کارەبای عێراق ڕەتدەکەنەوە. دەشڵێ بڕیارەکە بە بێ رەزامەندی و ئاگاداریی پێشوەختەی ئەوان بووە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا دەڵێ، لە لایەن هەردوو کۆمپانیای کرێسنت پترۆلیۆم و دانە غاز، کە وەک کارپێکەری هاوبەشی کێڵگەی کۆرمۆر کار دەکەن، ئاگادارکراینەوە، کە بە مەبەستی بەرهەمهێنانی کارەبا، دەستیان کردووە بە دابینکردنی غازی سروشتی لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ وەزارەتی کارەبای عێراق.
لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەم ئاگادارکردنەوەیەی تەنیا لە کاتی راگەیاندنی فەرمی کۆمپانیاکاندا پێگەیشت.
ئاماژە بەوەشکراوە، کرداری کۆمپانیاکان بووەتە مایەی نیگەرانیی جددی، بە تایبەت کە پێشتر چەندین جار داوای غازی سروشتیی زیاترمان بۆ دامەزراوەکانی وزەی هەرێم کردووە، کە پێویستییەکی زۆریان بە غاز هەیە بۆ دابینکردنی کارەبای پێویست بۆ هاوڵاتیان، بەڵام لە جیاتی هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ هەرێم بۆ پەرەپێدان و گەیشتن بەم ئامانجە خزمەتگوزارییەکان، کۆمپانیاکانی کرێسنت و دانە غاز بڕیارێکی تاکلایەنەیان داوە کە خزمەت بە بەرژەوەندییە گشتییەکان ناکات.
لە ڕاگەیەنراوەکەی حکومەتدا هاتووە، نە ڕەزامەندیمان لەسەر ئەم هەنگاوە دەربڕیوە و نە ڕێگەمان پێداوە، بۆیە هەر ئاماژەیەک بە پشتیوانی یان پاڵپشتیی هەولێر بۆ ئەم بڕیارە تاکلایەنەیە، ناڕاست و چەواشەکارانەیە.