مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە شاری ئەبووزەبی لەگەڵ شێخ محەممەد بن زاید ئال نەهیان، سەرۆکی میرنشینی عەرەبیی یەکگرتوو (ئیمارات) کۆبووەوە.
لە دیدارەکەدا کە بە بەشداریی شێخ محەممەد بن ڕاشد ئال مەکتووم، جێگری سەرۆک و سەرۆکوەزیرانی ئیمارات و حاکمی دوبەی بەڕێوە چوو، سەرکردەکانی هەردوولا سەرکۆنەی هێرشەکانی ئەم دواییەیان بۆ سەر ئیمارات کرد و پێویستیی پاراستنی ئارامی و ئاسایشی ناوچەکەیان دووپات کردەوە.
هەروەها لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، جەخت لە سەر گرنگیی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئیمارات و فراوانکردنی هاوکاری و هاوئاهەنگیی نێوانیان لە کەرتە جۆراوجۆرەکاندا کرا، و دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە تاوتوێ کران.