ڕاستەوخۆ

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەسەر سێ پرسی گرنگ کۆدەبێتەوە

reset font size increase font size

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ی تەممووزی ٢٠٢٦، بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران کۆدەبێتەوە بۆ تاوتوێکردنی سێ پرسی گرنگ کە پەیوەندیدارن بە لێخۆشبوونی سەرپێچیی هاتووچۆ، داشکاندنی قەرزی کارەبا و ڕێکخستنەوەی مۆڵەتی بێ مووچەی فەرمانبەران.

کۆبوونەوەکە کاژێر ١٠:٠٠ی بەیانی لە شاری هەولێر بەڕێوەدەچێت و کارنامەکەی لە سێ بڕگەی سەرەکی پێکهاتووە:

١. درێژکردنەوەی لێخۆشبوونی سەرپێچییەکانی هاتووچۆ

لە بڕگەی یەکەمدا، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیار لەسەر پێشنیازێکی وەزارەتی ناوخۆ بە واژۆی رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ دەدات، بۆ درێژکردنەوەی ماوەی کارکردن بە بڕیاری لێخۆشبوونی ڕێژەی ٢٠٪ لە سزای سەرپێچییەکانی هاتووچۆ تاوەکو ٣١ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٦، بە ئامانجی کارئاسانی بۆ هاونیشتمانییان.

٢. داشکاندن لە قەرزی کەڵەکەبووی کارەبا

لە بڕگەی دووەمدا، راپۆرتێکی هاوبەشی وەزارەتی کارەبا و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان سەبارەت بە دۆخی کارەبا و سووتەمەنی دەخرێتەڕوو. لەم تەوەرەدا بڕیار لەسەر پێشنیازێک دەدرێت بۆ پێدانی ئاسانکاری بە هاونیشتمانییان لە ڕێگەی داشکاندنی بڕێک لەو پارەیەی کارەبا کە لەسەریان کەڵەکە بووە.

٣. ڕێکخستنەوەی مۆڵەتی بێ مووچەی فەرمانبەران

لە بڕگەی کۆتاییدا، گفتوگۆ لەسەر چەند راسپاردەیەکی سەرۆکایەتیی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران دەکرێت بۆ ڕێکخستنەوەی مۆڵەتی بێ مووچەی فەرمانبەران.

 بەپێی پێشنیازە نوێیەکان، فەرمانبەران دەتوانن بۆ ٥ ساڵ مۆڵەتی بێ مووچە وەربگرن و تاوەکو ١٠ ساڵ درێژ بکرێتەوە، بەڵام بۆ مامۆستا و پزیشک و دەرمانسازان تەنیا ٢ ساڵ مۆڵەت ڕێگەپێدراوە؛ لە کۆبوونەوەکەدا شێوازی ئەژمارکردنی ئەم ماوەیە بۆ خزمەت و خانەنشینی یەکلا دەکرێتەوە.

 

Rezhna Sardar

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.