ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە وتارێکدا لە پارێزگای بەدلیسی باکووری کوردستان، پەیامێکی نوێی دەربارەی پرۆسەی ئاشتی و کاریگەرییەکانی لەسەر ناوچەکە ئاڕاستە کرد.
ئەردۆغان جەختی لەوە کردەوە کاتێک " پرۆسەی چارەسەریی" دەگاتە ئامانجی خۆی، دەرگای سەردەمێکی نوێ بەڕووی گەلەکەیاندا دەکرێتەوە. ڕوونیشیکردەوە کە ئەنجامی ئەم پرۆسەیە تەنها تورکیا ناگرێتەوە، بەڵکو ناوچەکە بەتایبەتی وڵاتانی سوریا و عێراق کەشێکی ئاشتییانە بەخۆیانەوە دەبینن و گەلانی برا سەرکەوتنی بەسەردا بەدەستدەهێنن.
سەرۆککۆماری تورکیا باسی لەوەش کرد، ئەو لایەنانەی لە ئاشتی و سەقامگیری نیگەرانن ناتوانن رێگری لە کاروانەکەیان بکەن. ئاماژەی بەوەش دا کە لە کۆتاییدا بازرگانانی خوێن، هەلپەرستان و تاوانبارانی جینۆساید کە دەیانەوێت ناوچەکە بخەنە ناو ناسەقامگیرییەوە دەدۆڕێن و تووشی زەرەر دەبن.
ئەردۆغان لە کۆتایی وتارەکەیدا ڕایگەیاند کە مرۆڤایەتی، ئاشتی و برایەتی بەسەر هەموو ئاستەنگەکاندا زاڵ دەبن.