لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردنی پێشوەختەدا ئاکپارتی لە مانگی تشرینی یەکەمدا هەڵمەتێکی فراوانی مەیدانی بانگەشە دەستپێدەکات.
ڕۆژنامەی جومهوریەت بڵاویکردەوە، ڕێکخستنەکانی ئاکەپە لەگەڵ هاووڵاتییان کۆ دەبنەوە، گوێ لە کێشە و داواکارییەکانیان دەگرن و دواتر ڕاپۆرتەکە پێشکەشی ئۆردۆغان دەکەن. چاوەڕوان دەکرێت ئەم کارانە ڕاستەوخۆ ڕێگە خۆش بکەن بۆ ئەو ڕێنمایی و هەنگاوانەی کە ڕەنگە لە پرۆسەی هەڵبژاردندا بۆ ڕای گشتی ئاشکرا بكرێن.
ئاماژەی بەوەش کردووە، زیادکردنی مووچەی خانەنشینان بە شێوەیەکی یەکسان لەنێو ئەو هەنگاوانەدا نیشان دەدرێت کە پێش هەڵبژاردن ڕادەگەیەنرێن.
بابەتێکی دیکە کە باس دەکرێ، دەسەڵات پێش هەڵبژاردن ئامادەکاریی بۆ دەکات، لێبوردنی مۆڵەتی شۆفێرییە.
وەک ڕۆژنامەی جمهوریەت باسی کردوە، هەڵسەنگاندن بۆ ئەوەش دەکرێت کە ڕەنگە هەڵبژاردنی پێشوەختە لە مانگی ئایاری 2027دا بەڕێوەبچێت.