ئەنجوومەنی باڵای خوێندنی تورکیا (YÖK) لە نووسراوێکدا بۆ سەرجەم زانکۆکانی وڵاتەکەی، داوا دەکات رێوڕەسمەکانی کردنەوە و یەکەم وانەی ساڵی خوێندنی 2026-2027 تەرخان بکرێن بۆ تاوتوێکردنی "پرۆسەی چارەسەری" لە سەرجەم رەهەندە ئەکادیمی، کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانەوە.
بەگوێرەی نووسراوەکەی ئەنجوومەنی باڵای خوێندن کە رۆژی هەینی 18ـی ئەیلوولی 2026 بە واژۆی ئێرۆل ئۆزڤار، سەرۆکی ئەنجوومەنەکە بۆ زانکۆکان نێردراوە، ئاماژە بەوە کراوە کە تورکیا بە قۆناخێکی گرنگدا تێدەپەڕێت بۆ بەهێزکردنی ئاشتی، ئاسایش، یەکێتی و پێکەوەیی نیشتمانی.
داواش کراوە کە پرۆسەی چارەسەری لەڕووی کۆمەڵایەتی، ئابووری، یاسایی، سیاسی، کولتووری و ئەمنییەوە تاوتوێ بکرێت و لەم چوارچێوەیەدا کاری ئەکادیمی، پانێڵ، کۆنفرانس و وۆرکشۆپ لە زانکۆکاندا رێکبخرێن.
ئەنجوومەنی باڵای خوێندن پێی وایە تەرخانکردنی یەکەم وانە بۆ ئەم پرۆسەیە، دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی هۆشیاریی خوێندکاران و بەشداریکردن لە یەکگرتوویی کۆمەڵایەتیدا.
ئەم هەنگاوەی زانکۆکانی تورکیا هاوکاتە لەگەڵ پێشهاتە سیاسییەکانی تایبەت بە پرۆسەکە، کە تێیدا رۆژی 10ـی ئابی 2026 پەرلەمانی تورکیا پرۆژەیاسای (بەهێزکردنی پاڵپشتیی نیشتمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی) بە دەنگی 468 پەرلەمانتار پەسند کرد، و لە 18ـی هەمان مانگدا دوای واژۆکردنی لەلایەن رەجەب تەیب ئەردۆغانەوە، لە رۆژنامەی فەرمیی وڵاتدا بڵاوکرایەوە و چووە بواری جێبەجێکردنەوە.