لە دوای دامەزراندنی پارتی نوێ لەلایەن باڵی دەستلەکارکێشاوەی جەهەپەوە، بە گوێرەی نوێترین ڕاپەرسیی کۆمپانیای (نەخشەی داتاکانی تورکیا)، کە لە نێوان 25 بۆ 29ی تەممووزدا ئەنجام دراوە، گۆڕانکاریی ڕیشەیی لە ئاراستەی دەنگدەرانی تورکیادا ڕووی داوە.
بە گوێرەی ئەنجامی ڕاپەرسییەکە، پارتی نوێ بە بەدەستهێنانی 31.2%ی دەنگەکان لە پلەی یەکەمدا دێت و پێش ئاکەپە کەوتووە، کە ڕێژەی 29.2%ی دەنگەکانی هێناوە. لە بەرامبەردا، پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) بە داڕمانێکی گەورەوە تەنیا 4.8%ی دەنگەکانی بەدەست هێناوە، بەمەش دەکەوێتە ژێر بەربەستی 7%ی هەڵبژاردنەکان و لە پەرلەمان بێبەش دەبێت. ڕێژەی دەنگی پارتەکانی دیکەش بەم شێوەیەیە:
- دەم پارتی 8.8%
- مەهەپە 7.5%
- ئیی پارتی 4.2%
- پارتی زەفەر 3.7%
- پارتی سەرلەنوێ ڕەفا 3.6%
ئەمەش دوای ئەوە دێت، لە 21ی ئایاری 2026 دادگایەک لە ئەنقەرە کۆنگرەی 38ی جەهەپەی هەڵوەشاندەوە و کەمال کڵچدارئۆغڵو بووەوە بە سەرۆکی حیزبەکە. لە بەرامبەردا، لە 24ی تەممووزدا ئۆزگور ئۆزەل لەگەڵ 91 پەرلەمانتار و زیاتر لە 100 سەرۆکشارەوانی جەهەپەیان جێهێشت و پارتی نوێیان دامەزراند.
ئێستا لە پەرلەمانی تورکیادا، ئاکەپە بە 277 کورسی لە پلەی یەکەم و پارتی نوێ بە 91 کورسی بووەتە دووەم گەورەترین فراکسیۆن و ئۆپۆزسیۆنی سەرەکی، لە کاتێکدا کورسییەکانی جەهەپە بۆ 44 کورسی دابەزیون.