فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا وەڵامێکی توندی ئاڕاستەی نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل کرد لە بەرامبەر ئەو ڕاگەیەندراوەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیای کردبووە ئامانج.
فەرمانگەکە لێدوانەکانی ئیسرائیلی بە دوور لە ڕاستیی مێژوویی و بێ ئەرزش سیاسی ناوزەد کرد و بە نیشانەی بێدەسەڵاتیی حکومەتێک لەقەڵەمی دا، کە هەوڵ دەدات لە سزادانی تاوانەکانی جەنگ خۆی بشارێتەوە.
فەرمانگەی پەیوەندییەکان ئاماژەی بەوە کرد، نەتانیاهۆ و دەستەڵاتدارانی کابینەکەی ئەم جۆرە لێدوانانە وەک کارتێکی سیاسی بۆ دەستکەوتی هەڵبژاردن بەکار دەهێنن، کە نەک لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و ناوچەکە، بەڵکو لە ناوخۆی ئیسرائیلیشدا هیچ پێگەیەکی نییە.
فەرمانگەکەی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا جەختی کردەوە، حکومەتێک لە دەستەی داوەریکردنی دادگا نێودەوڵەتییەکاندا تۆمەتی تاوانی جێنۆسایدی ئاڕاستە کراوە، ئەم هەڵوێستە توندانەی بەرامبەر ئەنقەرە دەری دەخات، کە تا چەند بە هەڵوێستی نەگۆڕی ئەردۆغان ئازار دەچێژێت.
ئەو فەرمانگەیە هۆشداری دا لەوەی دروستکردنی کەشوهەوای هەڕەشە و بەکارهێنانی ناوی تورکیا وەک مەترسییەکی نوێ بۆ ململانێی ناوخۆیی ئیسرائیل، دەبێتە هۆی زیانگەیاندن بە ئاشتی و سەقامگیریی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.