خێزانێکی ئێزدیی خەڵکی هەرێمی کوردستان، کە بە مەبەستی چارەسەرکردنی منداڵە چوار ساڵانەکەیان لە ڕێگەی ئەورووپا بوون، لە فڕۆکەخانەی عەدنانی مەندەرەس لە شاری ئیزمیری تورکیا دەستبەسەر کران.
ئەو خێزانە بە تۆمەتی "ڤیزای تەزویر" لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ڕگیران؛ لە ئەنجامدا باوکی خێزانەکە ڕەوانەی زیندانی شاکران کرا و دایکەکەش لەگەڵ دوو منداڵەکەیدا بۆ سەنتەری گەڕاندنەوەی پەنابەران گواسترانەوە.
ئادهەم کوروش، پارێزەری خێزانەکە، سەبارەت بە دۆخی تەندروستی و یاساییان ڕایگەیاند کە منداڵە چوار ساڵانەکە تووشی نەخۆشییەکی دەگمەن بووە و پێویستە بە بەردەوامی لەلایەن پزیشکێکی سەربەخۆ و تایبەتمەندی منداڵانەوە بپشکنرێت.
پارێزەرەکە ئاماژەی بەوەش دا که دایک و منداڵەکان تەنیا بە زمانی کوردی قسە دەکەن و بەهۆی نەزانینی زمانی تورکی لە سەنتەری دەستبەسەرکردنەکەدا تووشی کێشەی قووڵی وەرگێڕان بوونەتەوە، سەرەڕای پێشکەشکردنی بەڵگە و ناونیشانی دیاریکراویش، دادگا داواکاریی ئازادکردنی دایکەکە و منداڵەکانی ڕەتکردووەتەوە و خێزانەکە لێک هەڵوەشێنراونەتەوە.