ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە باکووری کوردستان و تورکیا هۆشداریی تووند دەدەن لە دۆخی دژوار و مەترسیداری زیندانیانی نەخۆش لە گرتووخانەکاندا و ڕای دەگەیەنن کە پێشێلکارییەکان دژ بە مافی چارەسەرکردنی پزیشکی گەیشتوونەتە ئاستێکی مەترسیدار.
بەپێی ڕاپۆرتێکی لقی وانی کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ (ئیهەدە)، لە کۆی نزیکەی هەزار و ٤٠٠ زیندانیی نەخۆش لە تەواوی گرتووخانەکانی تورکیا و باکووری کوردستان، باری تەندروستیی ٣٣٥ زیندانیان لە مەترسییەکی گەورەدایە و هەڕەشەی مردن لەسەر ژیانیان هەیە. تەنیا لە شاری وان ٣٠ زیندانیی نەخۆش هەن کە سەرەڕای توندیی دۆخیان، داواکارییەکانیان بۆ ئازادکردن یان چارەسەرکردن ڕەت کراونەتەوە.
لە لایەکی ترەوە، کەیسی زیندانیی نەخۆش بورهان ئادسز، کە تووشبووی نەخۆشیی پووکانەوەی جگەرە و خاوەن ٩٥٪ کەمئەندامییە، نیگەرانیی قووڵی لێ کەوتووەتەوە. ئادسز لە ساڵی ٢٠١٥دا بەهۆی ڕاپۆرتی پزیشکییەوە ئازاد کرابوو، بەڵام لە ساڵی ٢٠٢٣دا دووبارە دەستگیر کرایەوە.
ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و کەسوکاری زیندانییان جەخت لەوە دەکەنەوە کە بۆ ڕێگریکردن لە کارەساتی مرۆیی، پێویستە دەستبەجێ زیندانیانی نەخۆش، لەوانەش بورهان ئادسز، نەجدەت کۆچ و بۆتان کارسو، ئازاد بکرێن تا بتوانن لە دەرەوەی زیندان چارەسەری پێویست وەربگرن.