وەزیری دەرەوەی تورکیا، هاکان فیدان، لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند کە لە چوارچێوەی "پەیماننامەی مەکە"دا پشتیوانی لە عەرەبستانی سعوودی دەکەن و ئەگەر پێویستییان بە هاوکاریی سەربازی یان تەکنیکی هەبێت، ئامادەن دابینی بکەن. هاوکات جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئیتر عێراق و سوریا ڕێگە نادەن گرووپە چەکدارەکان بە ئارەزووی خۆیان ڕەفتار بکەن.
لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنیدا، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، تیشکی خستە سەر پێشهاتەکانی ناوچەکە و سیاسەتی دەرەوە و ئاماژەی بەوە دا کە "هێرشی قورس لە دژی یەکپارچەیی خاکی عەرەبستانی سعوودی هەیە"، بۆیە ئەگەر پێداویستیی سەربازی یان تەکنیکییان هەبێت، هیچ ڕێگرێک لەبەردەم دابینکردنیدا نییە. هەروەها ئاشکرای کرد کە پرۆسەی دامەزراندنی بارەگای هاوبەش لە نێوان تورکیا، عەرەبستانی سعوودی و پاکستان بەرەو کۆتایی دەچێت.
سەبارەت بە دۆخی ناوچەکەش، فیدان ڕایگەیاند کە سیاستەکانی بێنیامین نەتانیاهۆ هەڕەشە لە سەرانسەری جیهان دەکەن و داوای سیاسەتێکی لەسەر بنەمای ئاشتی و هاوکاری لە ئیسرائیل کرد. لە لایەکی ترەوە، وەزیری دەرەوەی تورکیا ئەوەی خستەڕوو کە ئیتر "نە سوریا و نە عێراق ڕێگە نادەن گرووپە چەکدارەکان بە ئارەزووی خۆیان ڕەفتار بکەن."
لە تەوەرێکی تری لێدوانەکانیدا، فیدان باسی لەوە کرد کە چەکدارکردنی دوورگەکان لەلایەن یۆنانەوە قبوڵکراو نییە و ئاگاداری دایە کە کەس هەنگاوی سەرکێشانە نەنێت. لە کۆتاییشدا سەبارەت بە پرسی هەناردەکردنی گەنم لە دەریای ڕەشەوە، ڕایگەیاند کە وەک لەپێشینەترین کار نرخێنراوە و پێشنیار بۆ چارەسەرکردنی ڕەوشەکە نێردراوە بۆ ڕووسیا و ئۆکرانیا.