کۆمەڵەی ڕۆژنامەوانانی دیجلە و فورات (DFG) ڕاپۆرتی مانگانەی خۆی لە بارەی پێشێلکارییەکان دژی ڕاگەیاندنی ئازاد و ڕۆژنامەوانان لە تورکیا و باکووری کوردستان بڵاو کردەوە و تیشکی خستە سەر بەرتەسککردنەوەی بەردەوامی ئازادیی ڕادەربڕین لەلایەن دەسەڵاتەوە.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە دەزگا ئەمنییەکان و دەسەڵاتی دادوەری لە تورکیا بە مەبەستی بێدەنگکردنی دەنگە جیاوازەکان و ڕێگری لە ڕۆژنامەوانان لە کاتی ڕووماڵکردنی مەیدانیدا، دادگاکان وەک ئامرازێک بە کار دەهێنن.
بەگوێرەی ئامارەکانی مانگی ئەیلوول، پێشێلکارییەکان بەم شێوەیە تۆمار کراون:
هەڵکوتانەسەر ماڵان: ٢ ڕۆژنامەوان.
دەستبەسەرکردن: ٥ ڕۆژنامەوان.
گرتن و زیندانیکردن (دەرکردنی بڕیاری فەرمی): ٢ ڕۆژنامەوان.
هەڕەشەکردن: ٤ ڕۆژنامەوان.
دادگاییکردن و کردنەوەی دۆسیەی نوێ: ٦ ڕۆژنامەوان.
کۆمەڵەی ڕۆژنامەوانانی دیجلە و فورات لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەیدا داوای ڕاگرتنی دەستبەجێی ئەم هەڵمەت و ڕەفتارە نایاساییانەی کرد و جەختی لەوە کردەوە کە پاراستنی ئازادیی ڕۆژنامەگەری مەرجی سەرەکیی بوونی دیموکراسییە لە هەر وڵاتێکدا.