دەسەڵاتی دادوەریی ئێران سزای لەسێدارەدانی بەسەر پیاوێکدا جێبەجێ کرد بە ناوی حوسێن پەداران، کە بە تۆمەتی سیخوڕی و پێدانی زانیاری لەبارەی بنکە مووشەکییەکانی ئیسفەهان بە دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل (مۆساد) تۆمەتبار کراببوو.
بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی (میزان)ـی سەر بە دەسەڵاتی دادوەریی ئێران، سزای لەسێدارەدانی حوسێن پەداران دوای پەسەندکردنی لەلایەن دادزگای باڵای وڵاتەکەوە جێبەجێ کراوە.
بەرپرسانی ئێران دەڵێن، تۆمەتبارەکە سەرەتا هەوڵی داوە پەیوەندی بە دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا (CIA)وە بکات، بەڵام کاتێک وەڵامی نەبووە، پەیوەندی بە مۆسادەوە کردووە و لە ڕێگەی واتسئاپەوە لەگەڵ کەسێک بە ناوی "بێن" کە ژمارەی تەلەفۆنی هۆڵەندی بەکارهێناوە، قسەی کردووە.
دەسەڵاتی دادوەریی ئێران ڕایگەیاندووە کە ناوبراو زانیاری لەبارەی بنکە مووشەکییەکانی پارێزگای ئیسفەهان، کە ناوچەیەکی ستراتیژی و خاوەن بنکەی سەربازی و ئەتۆمییە، پێشکەشی مۆساد کردووە، بەبێ ئەوەی وردەکاریی کاتی پەیوەندییەکان یان بەڵگەی گواستنەوەی زانیارییەکان بخەنەڕوو.
ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی هەڵمەتێکی فراوانی دەسەڵاتدارانی ئێران دێت بۆ سزادانی ئەو کەسانەی تۆمەتباریان دەکەن بە هاوکاریی دەزگا هەواڵگرییە بیانییەکان، لە کاتێکدا ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ گومان لە دادپەروەریی ئەم جۆرە دادگاییکردنانە دەبەن و ڕەخنە لەوە دەگرن کە زۆرجار پشت بە دانپێدانانی زۆرەملێ دەبەسترێت.