بە گوێرەی سەرچاوە ناوخۆییەکان، ئێران بڕیاریداوە بەپەلە لە چەندین شاری گەورەی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بنکە و بارگەکانی پۆلیس و ئیتڵاعات چۆڵ بکەن.
پرۆسەی چۆڵکردنی بنکەکانی پۆلیس شارەکانی تاران، شیراز، زاهیدان، تەبرێز، سنە، نەیشابوور، ئابادان، کرمان، زەنجان و دوورگەی کیشی گرتووەتەوە. ئەم بڕیارە بەپەلەیە هاوکاتە لەگەڵ هۆشدارییەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا سەبارەت بە نزیکبوونەوەی کاتی هێرشکردنە سەر دامەزراوە هەستیار و ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران.
شارەزایانی سەربازی ئاماژە بەوە دەکەن، چۆڵکردنی ئەم بنکە ئەمنییانە پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە سیناریۆکانی دەستپێکردنی شەڕی بەکۆمەڵ و پاراستنی هێزە ناوخۆییەکان لە ئامانجگرتنی ڕاستەوخۆوە هەیە، یان وەک ڕێکارێکی بەرگریکارانە دەبینرێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەگەری تێکچوونی بارودۆخی ئەمنی لە کاتی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییە.