سوپای پاسدارانی ئێران ئاشکرای کرد، هێزەکانیان لە ناوچەی سەراوانی پارێزگای سیستان و بەلووچستان، گروپێکی چەکدارییان لە کاتی بەزاندنی سنووردا دەستبەسەر کردووە.
بە گوێرەی ئاژانسی ئیرنا، سوپای پاسداران ئەو گروپەی بەوە تۆمەتبار کردووە کە پەیوەندییان بە ئەمریکا و ئیسرائیلەوە هەیە و بەنیازی ئەنجامدانی کۆمەڵێک هێرشی تێکدەرانە بوون لە ناوچەکەدا. لە ئەنجامی ئەم ئۆپەراسیۆنەدا دەست بەسەر 20 جانتای پڕ لە تەقەمەنی، بڕێکی زۆر لە چەکی سوک و ئامێری پەیوەندیکردنی مانگی دەستکردی ستارلینکدا گیراوە.
پارێزگای سیستان و بەلوجستان دەکەوێتە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئێران و هاوسنوورە لەگەڵ وڵاتانی پاکستان و ئەفغانستان، بەردەوام ڕووبەڕووی ئاڵۆزی و پێکدادانی چەکداری دەبێتەوە.