بەگوێرەی ڕاپۆرتی میدیاکانی ئێران، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ دەنگی چەند تەقینەوەیەک لە دوورگەی خارگ و دەوروبەری بیستراوە، لە کاتێکدا سەرچاوە ناوخۆییەکان باس لەوە دەکەن کە تانکەرێکی نەوتیی ئێرانی لەو ناوچەیە کەوتووەتە بەر هێرشی مووشەکیی هێزەکانی ئەمریکا.
ئاژانسی فارس، کە سەر بە سوپای پاسدارانە، هەواڵی بیستنی تەقینەوەکانی پشتڕاست کردەوە، بەڵام ڕایگەیاند کە تا ئێستا هیچ نیشانەیەکی دووکەڵ یان ئاگر لە ناوچەکە نەبینراوە و سەرچاوە و هۆکاری فەرمیی دەنگەکان هێشتا بڵاونەکراوەتەوە.
لە بەرامبەردا، سەرچاوە ناوخۆییەکان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە تانکەرێکی نەوتیی ئێران لە نزیک دوورگەکە لەلایەن هێزە ئەمریکییەکانەوە کراوەتە ئامانج، هەرچەندە تا ئێستا هیچ لایەنێکی فەرمی ئەم هەواڵەی پشتڕاست نەکردووەتەوە.
دوورگەی خارگ یەکێکە لە ستراتیژیترین و گرنگترین ناوچە نەوتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، چونکە زۆرینەی هەناردەی نەوتی خاوی وڵاتەکە بۆ بازاڕە جیهانییەکان لەو ڕێگەیەوە بەڕێوە دەچێت