کۆمپانیای نەوتی ئیمارات ڕایگەیاند، ئێران هێرشی کردووەتە سەر دوو کەشتیی سەر بە کۆمپانیاکەیان لە کاتی تێپەڕبوونیان لە گەرووی هورمز، بەڵام هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانیی لێنەکەوتووەتەوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات لە ڕاگەیەنراوێکدا دەڵێ، بە تووندی سەرکۆنەی هێرشەکانی کرد و بە هێرشی دوژمنکارانەی ئێران ناوی برد، هەروەها سوپای پاسدارانی ئێرانی تۆمەتبار کرد بەوەی کە بە ئامانجگرتنی کەشتییە بازرگانییەکان، ئاسایشی ناوچەکە و ڕەوتی گواستنەوەی وزەی جیهانی دەخاتە مەترسییەوە.
هێشتا ئێران بە شێوەی فەرمی هەڵوێستی خۆی یان بەرپرسیارێتی لە کردنە ئامانجی کەشتییەکان ڕانەگەیاندووە، بەڵام وڵاتانی عەرەبی وەک بەحرەین و میسر ئەم هێرشەی ئێرانیان سەرکۆنە کردووە.
گەرووی هورمز، یەکێکە لە گرنگترین ڕێڕەوەکانی گواستنەوەی وزە لە جیهاندا، کە بەهۆی هەڵگیرسانی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێراندا لە لایەن سوپای پاسدارانەوە داخراوە و بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی وزە لە جیهاندا.